چوؤرشەممە, 25 يول 2018 – 12:50 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ تەرمی کەسێک لە گوندی سۆڵە-ی سەر بە شارۆچکەی قەرەداغ-ی پارێزگای سلێمانی دۆزراوەتەوە، بەڵام بەھۆی ئەوەی کەسەکە ھیچ ناسنامەیەکی پێ نەبووە نەتوانراوە بناسرێتەوە.
ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، کە مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی قەرەداغ و تیمەکانی بەڵگەو تاوان چوونە شوێنی ڕووداوەکە پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان ئامادەکرد و خستوویانەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: تەرمەکە گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادوەریی سلێمانی بەمەبەستی شیکاریی و ھۆکاری گیان لەدەستدانەکەی.
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بە تەمەن و ڕەگەزی کوژراوەکە نەکردووە و نەشیوتووە، کە ئایا شوێنەواری فیشکە، یان چەقۆ و ئەشکەنجە بە جەستەیەوە دیارە یاخود نا.
بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ٢٠٠ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، کە زۆربەیان ژنن، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆریستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.
س.ح