سێشەممە, 24 يول 2018 – 13:12 ڕۆژنیوز – هەولێر
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لەلایەن دوو کەسەوە تەقە لە بینای بەڕێوبەرایەتی شارەوانی یەکی هەولێر کرا.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوبەری پۆلیسی هەولێر، هەواڵەکەی بۆ ڕۆژنیوز پشتڕاستکردەوە و ڕوونیکردەوە: دوو کەس کە پیشەیان پێشمەرگەیە و برای یەکترن، بەمەبەستی ڕاییكردنی كاروبارەكانیان سەردانی شارەوانی یەكی هەولێریان کردووە و دوای ئەوەی لەگەڵ كارمەندی پرسگەی بەڕێوبەرایەتییەکە دەمەقاڵێ لەنێوانیاندا دروستبووە، تەقەیان لە باڵەخانەی شارەوانییەكە كردووە.
ئەوەشی خستەڕوو: دواتر یەكێک لە تەقەكەرەكان دەستگیركراوە و ئەوەی دیکەش هەڵهاتووە.
بەڕێوبەری پۆلیسی هەولێر، ئاماژەی بەوەشکرد: ناسنامەی تەقەكەرەكان ئاشكرایە و پۆلیس بەدوای تەقەكەری دووەمەوەیە و لێكۆڵینەوەكانیش لە ڕووداوەکە بەردەوامن.
س.ح