تەندروستی سلێمانی: هەفتەی داهاتوو هەفتەیەکی هەستیار دەبێت

بەڕێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەیان بەوەکردووە، کە هەفتەی داهاتوو هەفتەیەکی هەستیارە بۆ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، داوا لە هاوڵاتیان دەکات خۆیان بپارێزن و پابەندبن بە ڕێنماییە تەندروستییەکانەوە.


ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی عێراق، دواین ئاماری توشبووانی کۆرۆنای بڵاوکردەوە، کە پێنج تووشبوو لە شاری کەرکوک و یەک توشبوو لەشای بەغدای پایتەختە، لەبەرامبەر زیادکردنی ئاماری تووشبوواندا بەڕێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی تەندروستی سلێمانیدا چەند خاڵێک هاتووە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان کە بریتین لە:

1- هەفتەی داهاتوو هەفتەیەکی هەستیارە بۆ خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا لە شاری سلێمانی و دەوروبەری.

2- داوا لە هاووڵاتیانی دانیشتووی شاری سلێمانی و دەوروبەری دەکەین زیاتر پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن لە هەفتەی داهاتووەوە.

3- ئەو هاوڵاتیانەی لە وڵاتی ئێران گەڕاونەتەوە پێویستە لە شوێنێکی جیاکراوە چاودێری بکرێن و بەرکەوتنیان لەگەڵ هاوڵاتیانی تر نەبێت.

4- هەر هاووڵاتیەک لە وڵاتی ئێران گەڕاوەتەوە نیشانەکانی وەک (بەرزی پلەی گەرمی و کۆکە و پژمینی) هەیە پێویستە سەردانی کلینیکی چارەسەری کۆرۆنا بکات لە گەڕەکی (سەرچنار).

5- هەر هاوڵاتیەک سەردانی ئێرانی نەکردبێت یان بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ کەسانێک نەبوبێت کە لە ئێران گەڕابێتەوە لە کاتی هەبوونی نیشانەکانی پەتای ئەنفلۆنزادا پێویست ناکات سەردانی نەخۆشخانە بکات لە ئێستادا.

د.ع