تەندروستی هەولێر: تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕوولە بەرزبوونەوەیە

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، ڕایدەگەیەنێت، لە شاری هەولێر تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕوولە بەرزبوونەوەیە و چوار نەخۆشخانە بۆ چاره‌سه‌ری نەخۆشانی کۆرۆنا دابینکراون و تائێستاش ١٣ گه‌ڕه‌ك و شوێن لە سنوری پارێزگاکە بە تەواوەتی داخراون .


ئەمڕۆ، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماری تووشبوانی کۆرۆنا و دۆخی پارێزگاری هەولێر ومەترسی و ئامادەکارییەکانی خستەڕوو.

د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، له‌ كۆنگرەکەدا ڕایگه‌یاند، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و ١٣٨ حاڵه‌تی كۆرۆنا له‌ هه‌ولێر تۆمار كراون كه‌ ٢٠ كه‌سیان چاکبونەتەوە، ١١٨ نەخۆشیش لە نەخۆشخانەکان ماونەتەوە، تا ئێستاش چوار نه‌خۆشخانەش بۆ چاره‌سه‌ر كردنی هه‌ڵگرانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا تایبەت كراون و ئاماده‌كراون .

وتیشی: لە فریاکەوتنی ناوەند لە ناو شاری هەولێر نەخۆشەکان دەستنیشان دەکرێن و دواتر دەگوازرێنەوە بۆنەخۆشخانەكانی تر، سەرەتا نەخۆشخانەی پێشمەرگە و دواتر بۆ نەخۆشخانەی ئیماراتی و دواتر بۆ نەخۆشخانەی ڕزگاری دەگوازرێنەوە.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، لە پارێزگای هەولێر بە گشتی ٣٠٩٥ کەس كه‌ره‌نتینكراون و ٦٧٩ کەس ماون و ئەوانی دیکە ڕەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.

وتیشی: لە ئێستادا ١٣ گه‌ڕه‌ك و شوێن، له‌ سنوری پارێزگای هه‌ولێر بە تەواوی داخراون ٩ گه‌ڕه‌ك له‌ شاری هه‌ولێر، دوو شوێن له‌ سۆران، دوو شوێنیش له‌ ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر، پشكنین له‌و شوێنانه‌ ده‌كرێت دواتر له‌سه‌ر ئه‌نجامی پشكنینه‌كان بڕیار له‌سه‌ر كه‌ره‌نتین كردن یاخود كه‌ره‌نتین نه‌كردنیان ده‌درێت .

ک.س