تەژەكە: ڕژێمی ئاكەپە هێرشی كردەوە سەر ئیرادەی ئازادی گەلی كورد

بزووتنەوەی ژنانی كورد لە ئەوروپا (تەژەكە) دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیی گەورە شارەكانی ئامەد و وان و مێردین وەك هێرش بۆ سەر ئیرادەی ئازادی گەلی كورد ناو دەبات و بۆ چالاكیی كاتژمێر ١٨:٠٠ بانگەوازی دەكات.


لە ڕاگەیەندراوی تەژەكەی ئەوروپادا هاتووە "ڕژێمی فاشیستی ئاكەپە تێكچونی خۆی لە هەڵبژاردنی خۆجێی ٣١ی ئادار پێ هەزم ناكرێت و دەستی گرتووە بەسەر شارەوانیی گەورە شارەكانی ئامەد و وان و مێردین دا و بەوەش جارێكیتر هێرشی كردەوە سەر ئیرادەی ئازادی گەلی كورد و بەم شێوەیە گورزی وەشاندوە، لە هەمان كاتدا نزیكەی ٤٥٠ ئەندامی هەدەپە و دەبەپەی دەستگیر كردوە."

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە، دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەكان هێرشە لە دژی ئیرادەی گەل و گورزێكە و لە هەمان كاتدا هێرشە لە دژی هێزە دیموكراتیكەكان.

بە ناوی ژنانی كورد لە ئەوروپا بانگەوازی لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و دەوڵەتانی ئەوروپا كرا، كە لە دژی هێرشی قڕكردن و پاكتاوی سیاسی ناڕازیبون نیشان بدەن و ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.

تەژەكەی ئەوروپا چالاكیی ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە كاتژمێر ١٨:٠٠ بە بیرهێنایەوە و بانگەوازی كرد، هەمو كوردان و دۆستانی كوردان بەشداریی چالاكیەكە ببن.

د.ح