تەڤگەرى ئازادیى: بڕیارەکەى ئەمریکا خزمەت بە داعش دەکات

تەڤگەرى ئازادیى، ڕاگەیەندراوێکى سەبارەت بە دیاریکردنى خەڵات بۆ دەستگیرکردنى سێ سەرکردەى پەکەکە و کەجەکە، بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کە ئەو بڕیارە خزمەت بە داعش دەکات و پێویستە هەموو لایەک پێکەوە دژى بووەستینەوە.


شەوی ٦ی تشرینی دووەم، ئەمریکا بڕیاری دا بە پێدانی بڕی ١٢ ملیۆن دۆلار بە هەر کەسێک، کە شوێنی سێ سەرکردەی پەکەکە (جەمیل بایک، موراد قەرەیلان و دوران کالکان)ی بۆ ئاشکرا بکات، ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لەو چوارچێوەیەشدا تەڤگەرى ئازادیى کۆمەڵگاى کوردستان ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە.

ڕاگەیەندراوەکەى تەڤگەرى ئازاى لە کۆنگرەیەى ڕۆژنامەنووسیدا، لە بارەگاى سەرەکى خۆیان لەشارى سلێمانى خوێندرایەوە لەلایەن ڕوناک محەمەد، هاوسەرۆکى سلێمانى تەڤگەرى ئازادیى.

لە ڕاگەیەندراوەکەى تەڤگەرى ئازادیى-دا، ئاماژە بە نائەخلاقیى بوونى بڕیارەکەى ئەمریکا دراوە و دەڵێن:ئەو بڕیارەى کە لەلایەن کونسوڵی ئەمریکا لەئەنکەرە ڕاگەیەندرا، سەبارەت بەسێ لەهەڤاڵانی بەرێوەبەرایەتی کەجەکەو پەکەکە بڕیارێکى نا ئەخلاقییە و خزمەت بە داعش دەکات.

 

هەروەها دەشڵێن: لەکاتێکدا بزوتنەوەی ئازادی گەلی کورد لەدژی سیاسەتی قڕکردن ونکوڵی کردن لەبوون و ناسنامەی خۆی لەبەرخۆدان وبەرگریەکی ڕەوادایە و بە وهۆیەوە بەهەزاران شەهید و قوربانی داوە و بەدرێژایی هەزاران ساڵیشە لەچیا سەرکەشەکانی کوردستانەوە خۆی دەپاریێزێت و بانگی ئاشتی و ئازادیی دەدات، هێزە هەژموون گەراکانی جیهان خۆیان لەو ڕاستیە دەپارێزن تاڕۆژی ئەمڕۆ بەبڕیارن، کە بۆکوردان شوێنێک نەبێت تێیدابژین.

تەڤگەرى ئازادیى، لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا تیشکى خستووتە سەر گەلەکۆمەى سەر گەلى کورد، لە کەسایەتى عەبدوڵا ئۆجالاندا و دەڵێن: پیلانگێریەکانی سەدەی ڕابردوو لەبەرامبەر سەرهەڵدان وشۆڕشەکانی کوردان و گەلەکۆمە قێزەونەکەی ١٥ شوباتی ١٩٩٩کە لە کەسایەتی ڕێبەری مەزن عبدوڵا ئۆجالان-دا ئەنجامدرا، ڕاستی ئەو ستەمکارییەی داگیرکەران وسیستەمی جیهانیی دەرهەق بە بوونی کوردان دەسەلمێنێت.

لە درێژەى ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەوبریارە دوورە لە ڕەوشتی سیاسییەى ئەمریکا لەبەرامبەر پیشەنگان و بەرێوەبەرانی کەجەکە و پەکەکە داویەتی، درێژەی هەمان سیاسەت و زهنیەتە بەرامبەر بە شۆرشی ئازادی گەلی کورد و ماف و داخوازیە ڕەواکانی، بریارێکە دژبە هەموو تاکێکی وڵاتپارێزو نیشتیمان پەروەر و هێزو لایەنەسیاسیەکانی کورد بێجیاوازی، پارستن و ڕزگارکردنی بەسەدان هەزار ژن ومنداڵی ئێزدی لەدەستی داعشی ڕەشەکوژ، بەرگریەکانی گەریلا لە هێرشەکانی داعش بۆسەر کەرکوک و مەخمور و ناوچەکانی گەرمەسێر شانبەشانی پێشمەرگە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن.

لە کۆتایى ڕاگەیەندراوەکەدا، تەڤگەرى ئازادیى، داوا لە هەموو لایەک دەکات دژ بەبڕیارەکەى ئەمریکا بووەستنەوە و دەڵێن: بانگەوازی لە هەموو لایەنی سیاسی و کەسایەتی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی دەکەین بەیەکەوە وەڵامێکی شایستە و توندی ئەو بریارە نائەخلاقییەو ملهورییەی داگیرکەران بدەینەوە و ئەوە بکەینە دەرفەتێک بۆ  یەکێتی نەتەوەیی و ئاشتی لەنێوان هەمواندا.

د.ع