تەڤگەری ئازادیی: ئەنفال بەردەوامە و پێویستمان بە تێکۆشانێکی نوێیە

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، هێشتا مەترسییەکانی ئەنفال بەردەوامە و بۆ بەرپێگرتنی، کورد پێویستی بە تێکۆشانێکی نوێ هەیە.


ئەمڕۆ٣١ ساڵ تێدەپەرێت  بەسەر تاوانی ئەنفالدا ، کە ڕژێمی  فاشیستی بەعس بە ئامانجی سڕینەوە و قڕکردنی گەلەکەمان بە دڕندانە ترین شێوە لە ساڵی ١٩٨٨ لە باشوری کوردستان ئەنجامیدا، لەو ساڵیادەشدا تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوکەی تەڤگەری ئازادییدا هاتووە:"ڕژێمەکەی سەدام حسێن دەیخواست بە ڕێگای سەرکوت و کۆمەڵکوژیی ئیرادەی گەلەکەمان تێک بشکێنێ و گەل لەناوببات، بەڵام گەلەکەمان نیشانی رژێمی بەعس و دیکتاتۆرەکانی تری ناوچەکە و جیهانیشی دا کە سەرکوت و ترس و تۆقاندن و ستەم ناتوانێ لەناومان ببات، بەڵکو ئەوە ستەمکارانن دەبێت عیبرەت وەرگرن و کۆتایی بە زهنیەتی فاشیستیانە و داگیر کارانە بهێنن، دەنا بە دەردی ڕژێمەکەی سەردام دەچن".

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە:"جێگەی داخە کە هەتا ئێستا زهنیەتی ئەنفال کردن لە باشوری کوردستان و عێراق دا بەردەوامی هەیە، ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤ لە شەنگال ڕوویدا ئەنفالێکی تر بوو، ئەوەی لە خورماتوو ڕوویدا  لە چوارچێوەی هەمان زهنیەت دابوو، بۆیە هەتا زهنیەتی نەتەوەگەرایی و مەزهەبگەرایی، زهنیەتی فاشیستیانە بۆ سڕینەوە و لەناوبردن بەردەوام بێت و پەرەی پێ بدرێت مەترسیی ئەنفال بەردەوامە".

تەڤگەری ئازادیی رەخنەشی لە حکومەتی هەرێم گرتووە، کە "کەمتەرخەمی جدین و شکستیان هێنا لە  لە مامەڵە کردنێکی تەندروستانە لەگەڵ پرسی ئەنفال، لە جێگەی ئەوەی بکرێتە پرسێکی نەتەوەیی، ئەنفال کرا بە بابەتێکی ناوچەیی، هەروەها کەسوکاری ئەنفال و قوربانیان لە گوزەرانی هەرە سەختدا دەژین".

تەڤگەری ئازادیی، راشیدەگەیەنێت:"پێویستە لەپێناو ساڕێژکردنی برینی ئەنفال و هەموو برینەکانی تری گەلەکەمان و کۆتایی هێنان بە مەترسی ئەنفال لەسەر ئایندەی گەلەکەمان، پێویستمان بە تێکۆشانێکی نوێ هەیە و دەبێت هەموان بە ڕۆحیەتی یەکێتی نەتەوەیی و یەکێتی گەلانی ئازادیخواز تێکۆشانی دیموکراتیانە پێش بخەین".

ش.ف