دژی دەستگیرکردنی ئەندامەکانی خۆیان و هەموو ئەو کەسانەی بەهۆی بیرکردنەوەی جیاواز و دەربڕینی ناڕەزاییەوە دەستگیرکراون، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ڕێپێوانێک ئەنجام دەدات.
بڕیارە سبەینێ کاتژمێر ٥:٠٠، لە شاری سلێمانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ڕێپێوانێک ئەنجام بدات لەبەردەم ئەمنەسوورەکەوە بۆ بەردەم نووسینگەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و یاداشتێک ئاڕاستەی پەرلەمان دەکرێت، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییشدا یاداشتەکە دەخوێندرێتەوە.
ڕێپێوانەکەی تەڤگەری ئازادیی دژ بە دەستگیرکردنی ئەندامەکانیان لەلایەن ئاسایشی پەدەکە و هەموو ئەو کەسانەیە، کە بەهۆی بیرکردنەوەی جیاواز و نیشاندانی ناڕەزاییەوە هێرشیان کراوەتە سەر و دەستگیر کراون.
ڕێکخەرانی ڕێپێوانەکە داوا لە هاوڵاتیان دەکەن، کە بەشداریی لەو چالاکییەدا بکەن و ڕێگا نەدەن بە دەسگیرکردن و ئەشکەنجە، دەنگی ئازاد کپ بکرێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سێ ئەندامی ئەنجومەنی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، ئەندامێکی ئەنجومەنی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان و چالاکوانێکی ژن لە سنووری هەولێر دەستگیر کراون.
ش.ف