تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئەندامەکانیان لە هەولێر و هەڵمەتی ڕەشبگیریی دژی ئازادیخواخوازان و چالاکوانان لەلایەن پەدەکەوە، لەگەڵ نوێنەرایەتی یوئێن کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی و داواکارییەکانیان پێگەیاندن، ئەوانیش هەڵمەتەکەیان بە نا یاسایی ناوبردووە و بەڵێنیانداوە دەستبە بەدواداچوون بکەن.
لەسەرەتای ئەم مانگەوە، لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە ڕەشبگیرییەی کە ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە لە سنووری هەولێر و بادینان دەستیپێکردووە لە دژی دەنگە ناڕازییەکان و ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازانی سنوورەکە، پێنج ئەندامی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان دەستگیرکراون، کە یەکێکیان ژنە، ڕێگا بە پارێزەر و خانەوادەکانیشیان نادرێت چاویان پێیان بکەوێت.
لەم چوارچێوەیەشدا شاندێکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، سەردانی نێردهی تایبهتی نهتهوه یهكگرتووهكان له عێراق-یۆنامی-یان کرد و کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.
بە وتەی ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی، لە کۆبوونەوەکەدا یاداشتێکیان پێشکەشکردوون کە ناو و ناسنامە و هەموو زانیارییەکی تێدا بووە لە بارەی ئەندامە دەستگیرکراوەکانیان، هەروەها پێیان ڕاگەیاندوون کە پەدەکە لە سنووری خۆیدا هەڵمەتێکی ڕەشبگیری دەستپێکردووە لە دژی ئازادیخوازان و چالاکوانان و دەیان کەسی بە نایاسایی دەستگیرکردووە.
لە بەرامبەردا یۆنامی ڕایانگەیاندووە، کە تەڤگەری ئازادی هێزێکی یاساییە و ئۆپۆزسیۆنێکی ئازادیخوارە کە بۆی هەیە لە هەموو شوێنێکی باشوری کوردستان بە ئازادانە کاری خۆی بکات، هەروەها ڕەخنەی ئەو هەڵوێستەی پەدەکەیان کردووە و بە نایاسایی ناویان هێناوە، بەڵێنی ئەوەشیان داوە کە لە کاتێکی نزیکدا بەدواداچوون بۆ ئەم کەیسە بکەن.
س.ح