تەڤگەری ئازادیی لە کەرکوک دەستگیرکردنەکان شەرمەزار دەکات

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان لە شاری کەرکوک لە لێدوانێکدا لە بارەگای تەڤگەر، هێرش و دەستگیرکردنی ئەندامەکانیان لە لایەن ئاسایشی سلێمانیەوە شەرمەزار دەکات .


ئێوارەی ئەمڕۆ تەڤگەری ئازادیی لە کەرکوک، لێدوانێکی لەسەر دەستگیرکردنی ئەندامانی تەڤگەر لە سلێمانی ڕاگەیاند.

ڕێحان حەمادی، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی لە کەرکوک، لە لێدوانەکەدا ڕایگەیاند: "وەکو تەڤگەری ئازادیی هێرش و دەستگیرکردنی ئەندامانی تەڤگەر و ژنانی چالاکوان بە توندی شەرمەزار دەکەین، دیارە ئەو هێرشەی دوێنێ لە لایەن ئاسایشەوە کرایە سەر ئەندامانمان و ژنانی چالاکوان، لە ڕووی قانونی و سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە هیچ واتایەکی نیە".

ڕاشیگەیاند: لە ئێستادا وەکو کورد پێویستمان بە یەکگرتوییە، چونکە هەموو دوژمنان کار بۆ پارچە پارچەکردنمان دەکەن.

دوێنێ لە شاری سلێمانی ئاسایش هێرشی کردە سەر ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی و زیاتر لە ٥٠  ئەندامی تەڤگەری دەستگیرکرد، کە بەشێکی زۆریان ژن بوون و هەروەها چەند منداڵێکیش لەناو دەستگیرکراوەکاندا بوون، ئەمڕۆ ژن و منداڵەکان ئازاد کران، بەڵام هێشتا پیاوەکان لە زیندانن و مانیان لە خواردن گرتووە.


ک.ک