یەكشەممە, 12 أغس 2018 – 21:35 ڕۆژنیوز – هەولێر
ئەمڕۆ، شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، کە پێکهاتبوون لە تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکان و حسێن کەرکوکی، بەرپرسی دەستەی پەیوەندییەکان و نەریمان ئەحمەد، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی، سەردانی کۆنسوڵخانەی ڕوسایان کرد لە هەولێر و لەگەڵ ئەلیکساندەر تشرکاشینین، جێگری سەرکۆنسوڵی ڕوسیا کۆبوونەوە.
حسێن کەرکوکی، بەرپرسی دەستەی پەیوەندییەکانی تەڤگەری ئازادیی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و پرسی حکومڕانیی و ئەو کردەوە نایاساییانە کرد، کە لە هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها باسمان لە دۆخی عێراق خۆپیشاندانەکان کرد و پێمانوابوو، کە عێراق بە حزبێک یان نەتەوەیەک بەتەنها ناچێتبەڕێوە و لەو چوارچێوەیەدا پرۆژەی خۆشمان خستەڕوو.
پرسی ڕێگریکردن لە بەشداریکردنی تەڤگەری ئازادیی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە، بەوتەی کەرکوکی: ئێستا تەڤگەری ئازادیی خاوەن پێگەیەکی جەماوەرییە و پرۆژەی خۆی هەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی کۆمەڵگا، حزبە دەسەڵاتدارەکانیش بەوهۆیەوە تەڤگەری ئازادیی قبووڵ ناکەن و ڕێگرییان لێکرد کە بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بکات، هەروەها هەڕەشە لە ئەندامان و لایەنگرامان دەکرێت و ڕێگرییش لە کردنەوەی بارەگاکانمان دەکرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی تەڤگەری ئازادیی داوایان لە کۆسوڵی ڕوسیا کردووە، کە ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە دیموکراتیزەکردنی عێراق و هاندانی لایەنە سیاسییەکان بۆ خزمەتکردنی خەڵک و پێکەوەژیانی پێکهاتە جیاوازەکان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، شاندی تەڤگەری ئازادیی باسیان لە پرۆژە و بەرنامەکانی خۆیان کردووە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی دیموکراتییانەی کێشەکان.
لەبەرامبەریشدا، ئەلیکساندەر تشرکاشینین، جێگری سەرکۆنسوڵی گشتیی ڕوسیا لە هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵیی خۆی بە درێژەدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تەڤگەری ئازادیی دەربڕیوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.
نیگەرانیی خۆشی دەربڕیوە لە ڕێگریکردن لە بەشداریکردنی تەڤگەری ئازادیی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستان.
ب.ل