تەڤگەری ئازادیی: ڕێکاری یاسایی دژی دەستگیرکردنەکان دەگرینەبەر

وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ڕایگەیاند، کە ڕێکاری یاسایی دژی دەستگیرکردنی ئەندامان و لایەنگرانی تەڤگەر دەگرنەبەر، ئاشکراشی کرد: ئاسایش هەوڵیانداوە بەڵێننامەیان پێ پڕبکەنەوە، بەڵام ئەوان ڕەتیان کردووەتەوە.


ئێوارەی ئەمڕۆ، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە بارەگای خۆیان لە شاری سلێمانی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان دەربارەی ڕێگرییکردن لە یادی شەهیدانی پاریس و دەستگیرکردنی ئەندامان و لایەنگرانیان لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ئەنجامدا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، بێریڤان محەمەد، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی، لە یەکێکیش بوو لە دەستگیرکراوەکان، باسی لەوەکرد: هێرشێکی بەرفراوانی هەمەلایەنە هەیە لەسەر ئازادیی و تێکۆشانی نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان، ئەو هێرشانەش تەنها بۆ سەر لایەنێک نییە، بەڵکو بۆ سەر تەواوی خەڵکی باشوری کوردستانە، ئێمە وەک تەڤگەری ئازادیی تەواوی ئەو هێرشانە بەتووندی شەرمەزار دەکەین.

لەبارەی چارەنووسی ئەو زیندانییانەی کە تاوەکو ئێستا ئازاد نەکراون، بێریڤان وتی: هەتاوەکو ئێستا ئەو پیاوانەی کە دەستگیرکراون لە زینداندان و ئازاد نەکراون، بەدڵنیاییەوە هەڵوێستی تووندترمان دەبێت ئەگەر ئەو هەڤاڵانەمان ئازاد نەکرێن.

ئەوەشی خستەڕوو: هەڤاڵانی ئێمە لەناو زیندانەکاندا بە شێوەیەکی زۆر ناشرین مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، هەر لە سەرەتاوە دەستگیرکردنیان بە لێدان و داری کارەبایی بووە.

دواتر، تارا حسێن، وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، کە ٣٠ خولەک پێش دەستپێکردنی کۆنگرەکە ئازاد کرا، قسەیکرد و وتی: تەنها هۆکار ئەو یادە نەبووە، کە ئێمەی لەسەر دەستگیرکراوین، بەڵکو ئەمە ئاستێکی فراوانتری هەیە و پیلانگێڕییە لەسەر تەواوی تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد، ئەم فشارانەش لە هەرچوار بەشی کوردستان هەیە، پێمان وایە بەو دۆخەی کە هەیە، ئەم فشارانەش بەردەوام دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەوان لە دوێنێوە لە زینداندا مانیان لە خواردن گرتووە و وتی: تەنانەت ئامادە نەبووین ئاویش بخۆینەوە، لە دوێنێوە ئێمە لاپەڕەیەکمان پڕ لە سەرەوەریی لە مێژووی خۆماندا تۆمار کردووە، وە لاپەڕەیەکیشمان پڕ لە شەرمەزاریی و پەڵەی ڕەش بۆ ناوچەوانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئاسایش تۆمارکرد.

دەربارەی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لەلایەن تەڤگەری ئازادییەوە، تارا حسێن وتی: بێگومان ئێمە ڕێکاری یاسایی دەگرینە بەر، تەڤگەری ئازادیی پارتێکی مۆڵەتپێدراوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، لەڕێگای پارێزەرەکانمانەوە سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو دەستگیرکردنانە تۆمار دەکەین.

وتەبێژی تەڤگەری ئازادەیی ئاشکراشیکرد: ئاسایش زۆر هەوڵیاندا بەڵێننامە بە ئێمە پڕبکەنەوە، نووسراوێکیان ئامادەکردووە تێدا بەڵێن بدەین جارێکی دیکە بەشداریی هیچ چالاکییەک نەکەین، ئێمەش پێمان وتن ئەگەر دەتانەوێت بەڵێننامەمان پێ پڕبکەنەوە هەر نایەینە دەرەوە، بە هەموو شێوەیەک ڕەتمان کردەوە کە بەڵێننامە پڕبکەینەوە، چونکە هیچ ئەندامێکی ئێمە کاری نایاسایی ناکات.

 
ک.ک