تەڤگەر: ڕێکارەکانمان بۆ وەرگرتنی مۆڵەت گرتووەتە بەر و وەڵام نادرێینەوە

تەڤگەری ئازادیی ئەوە دەخاتەڕوو، کە لە دوای داخستنی بارەگاکانیانەوە، بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی حزب لە هەرێمی کوردستان، سەردانی هەریەکە لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، دەزگای ئاسایشی هەرێم و پارێزگای سلێمانییان کردووە، بەڵام تا ئێستا وەڵام نەدراونەتەوە.


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە بارەی وردەکاریی هەوڵەکانیان بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی حزب لە هەرێمی کوردستان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان لە شاری سلێمانی ئەنجامدا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، تارا حسێن، وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی بەیاننامەیەکی دەربارەی هەوڵەکانیان بۆ وەرگرتنی مۆڵەت خوێندەوە و تێیدا باسکرابوو: لە دوای بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم بۆ داخستنی بارەگاکانمان بەبیانووی نەبوونی مۆڵەت، ڕۆژی ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ سەردانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقمان کرد بۆ تانەدان لەو بڕیارە، دواتر کۆمسیۆن لە بەرواری ١١ی کانوونی یەکەم بە نووسراوی ژمارە (١٨/٣٢١) ئاگاداری حکومەتی هەرێم دەکاتەوە، کە تەڤگەر پارتێکی خاوەن مۆڵەتە و مافی کاری سیاسیی هەیە لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان.

هەروەها، هاتبوو: لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ سەردانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێممان کرد، بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوەمان پێبدەن لەسەر وەڵامنەدانەوەی داواکاریی مۆڵەتەکەمان، کە چوار ساڵی بەسەردا تێپەڕبووە، لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی ناوخۆ بە نووسراوی ژمارە (١٠٣١) لە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ داوای لە ئاسایشی هەرێم کردووە کە وەڵامی داواکەمان بدەنەوە، چونکە وەزارەتی ناوخۆ لە ڕابردوودا بە نووسراوی ژمارە (٦٥٥٤) لە ١٧ی نیسانی ٢٠١٦ داوای ڕەزامەندی لە ئاسایشی هەرێم کردبوو بۆ پێدانی مۆڵەت بە تەڤگەر، بەڵام بێ وەڵام مابووەوە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو: لە ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ سەردانی پارێزگای سلێمانی کراوە، بۆ داواکردنی نووسراوی جەختکردنەوە لە وەزارەتی ناوخۆ، چونکە داواکاری مۆڵەتەکە یەکەم جار لە پارێزگای سلێمانییەوە بەرزکراوەتەوە، بەڵام داوای جەختکردنەوەکە لەلایەن پارێزگاری سلێمانییەوە هەتا ئێستا بەڕێنەکراوە و لەوێش مامەڵەکەمان بۆ ڕایی ناکرێت.

تەڤگەری ئازادیی باسی لەوەش کردووە: لە ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ سەردانی دەزگای ئاسایشی هەرێم کراوە، کۆتا جاریش سەرلەنوێ دۆسیەیەکی نوێمان لە ٣٠ کانوونی دووەمی ٢٠١٩ پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزایران کرد و سەرجەم مامەڵەکانمان بۆ وەرگرتنی مۆڵەت پێشکەشکردوون.

لە بەیاننامەکەدا، تەڤگەری ئازادیی دەڵێت: سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت بە بڕیاری سیاسیی بەڕێوەدەبرێن، ئەوە ئەوانن پێشێلی یاسا دەکەن نەک ئێمە، ڕۆژانەش فشار لەسەر ئەندام و لایەنگرانمان هەیە و بەبێ بوونی بڕیاری دادوەر، زۆر جار ئەندام و لایەنگرانمان دەستگیردەکرێن، بۆیە مەترسی گەورە لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین هەیە لەم هەرێمە و پاراستنی گیانی ئەندام و لایەنگرانمان لە ئەستۆی دەسەڵاتدایە.

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان پارتێکی سیاسییە و لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ دامەزراوە، لە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ مۆڵەتی حزبی لە حکومەتی عێراق وەرگرتووە، بەرپرسانی تەڤگەر پێشتر چەندین جار جەختیان کردووەتەوە، کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیانەوە داوای وەرگرتنی مۆڵەتیان پێشکەش بە حکومەتی هەرێم کردووە، بەڵام تا ئێستا مۆڵەتیان پێ نەدراوە.

ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە داخستنی ئەو حزب و ڕێکخراوانەی کە مۆڵەتیان لە هەرێمی کوردستان نییە، لەو چوارچێوەیەدا سەرجەم بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیی لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین داخران.

س.ح