جارێکی دیکە مامۆستایانی خوێندنی کوردیی خورماتوو بایکۆتیان ڕاگەیاند

مامۆستایانی خوێندنی کوردیی شارۆچکەی خورماتوو، گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ڕێکخست و داوای قەرەبووکردنەوەی مووچە درزاوەکەیان کرد، هاوکات تا جێبەجێکردنی داواکارییەکەشیان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان ڕاگەیاند.


بەیانی ئەمڕۆ، لە شارۆچکەی خورماتووی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین، ٨٦ مامۆستا، فەرمانبەر و کارگوزاری خوێندنی کوردیی بایکۆتی دەوامیان کرد و گردبوونەوە.

ناڕەزایی ئەو کەسانە لەبەرامبەر دزرانی مووچەی مانگێکیان و قەرەبڤوونەکردنەوەیانە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.

لە گردبوونەوەکەی ئەمڕۆدا جگە لە قەرەبووکردنەوەی مووچە دزراوەکانیان، مامۆستایانی خورماتوو داوای دەستگیرکردنی ئەو کەسانەشیان کرد، کە مووچەکانیان بردوون، هاوکات داواشیان کرد ئەو ڕێگایەی مووچەی مامۆستایانی خوورماتووی پێدا دەنێردرێت، هێزی ئەمنیی پێویستی بۆ دابینبکرێت تا ڕووداوی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.

ئەو مامۆستایانە ڕۆژی ٥/تشرینی دووەم-یش مانگرتنیان لە دەوام ڕاگەیاند، بەڵام وەڵامی داخوازییەکانیان نەدرایەوە و دوای دوو ڕۆژ مانگرتنەکەیان شکاند.

لەو کۆتایی مانگی ئەیلول، لیژنەی هێنانی موچەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی، لەو کاتەی مووچەیان دەبرد بۆ مامۆستایانی خورماتوو، لە سەر ڕێگایەکی سنوری نێوان شارەدێی زنانە و شارۆچکەی خورماتوو، لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە رێگرییان لێکرا و سەرجەم پارەی مووچەکەیان لێ سەندن، تا ئێستاش بکەرانی ئەو کارە نەدۆزرانەتەوە و پارەکەش نەگەڕێندراوەتەوە.

بڕی پارەکە، ٥٩ ملیۆن و ٢٥٠ هه‌زار، کە مووچه‌ی ٨٦ مامۆستا و كارگوزار وپاسه‌وانی پێنج خوێندنگا و یه‌ك باخچه‌ی ساوایان بوو.

ش.ف