هەینی, 15 ماي 2020 – 07:28 ڕۆژنیوز – هونەر فارس
https://youtu.be/sS7qgwThcPI”>
هێشتا حکومەتی عێراق ڕەزامەندی لەسەر وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جوتیارانی هەرێم دەرنەبڕیوە، جوتیارانی سنووری گەرمیانیش لە خەمی ساغ نەبوونەوەی گەنمەکانیانن و لە هەوڵی ئەوەدان لە بازاڕەکاندا بیفرۆشنەوە.
لە سنووری ئیدارەی گەرمیان نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەیە، لە کۆی ئەو ڕووبەرەش ١١١ هەزار دۆنمی زەوی بەراوە، ئەمساڵ لە سنوورەکە نزیکەی ٢٤٧ هەرزا دۆنم زەوی کشتووکاڵی بە گەنم کراوە و چاوەڕێ دەکرێت بڕی ٢٧٠ هەزار تۆن بەرهەمی گەنمی هەبێت.
دانیشتوانی گوندی زەماوەنگەی سەر بە شارۆچکەی کەلار کە نزیکەی ٥٠ ماڵ دەبێت، ئەمساڵ زۆرترین بڕی گەنمیان کردووە لە سنوورەکە، عەباس محەمەد جوتیارێکی لێهاتووی گوندەکەیە و ئەمساڵ ٣٠ تۆن گەنمی وەشاندووە، باس لەوە دەکات ئەگەر حکومەت هاوکاری بێت، دەتوانێت ئەو ڕێژەیە بۆ سەرو ٥٠ تۆن بەرز بکاتەوە.
ئەو جووتیارە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ئەمساڵ بەرووبوومی دانەوێڵە لە سنوورەکە ئاستێکی باش تۆمار دەکات، بەوتەی خۆی یەک و دەی بڕیوە، کە ئەوەش ڕێژەیەکی باشە بۆ پێوانەی بەروبومی دانەوێڵەی گەنم و جۆ.
هەرچەندە هێشتا جوتیاران کۆتاییان بە وەرزی دروێنە نەهێناوە، بەڵام لە خەمی ساغکردنەوە و دیاریکردنی نرخن لەسەر بەروبومی دانەوێڵەکانیان.
عەباس نیگەرانە لە کەمتەرخەمی حکومەت بەرامبەر کەرتی کشتوکاڵ و نەبوونی بازاڕێکی گونجاو بۆ ساغکردنەوەی بەروبومەکانیان و دەڵێت:”متمانەمان بە حکومەت نەماوە تا گەنمەکانمانی ڕادەست بکەین، حکومەت سەرباری دابین نەکردنی تۆو و پەینی کیمیاوی و گازوایڵ و گرنگی نەدان بەڕێگا و بانی کێڵگە کشتوکاڵییەکان، ئامادەش نییە پارەی بەرووبوومی ساڵانی پێشومان بداتەوە”.
بەوتەی خۆی، هێشتا پارەی گەنمی سێ ساڵی لای حکومەتی عێراق ماوە کە بڕەکەی ٣٦ ملیۆن دینارە، ئەوەش وایکردووە متمانەیان بە حکومەت نەمێنێت و گەنمەکانیان ڕادەستی حکومەت نەکەن و ناچاربن بە نرخێکی کەمتر لە بازاڕدا بیفرۆشنەوە.
دژوار ساڵح جووتیارێکی دیکەی گوندەکەیە و باس لەوە دەکات، زۆربەی دانیشتووانی گوندەکەیان سەرقاڵی بەروبوومی کشتوکاڵین و ژیانیان لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی بەندە، ئەمساڵیش بەروبومیان زۆرە و ترسی ئەوەیان هەیە بۆیان ساغ نەبێتەوە یان حکومەت ڕێژەیەکی کەمیان لێ وەربگرێت.
لای خۆیەوە، شادیە حسێن، بەڕێوبەری کشتوکاڵی گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد، تا ئێستا حکومەتی عێراق ڕەزامەندی بۆ کڕینی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەرنەبڕیوە، بەڵام ناوی پێنج هەزار و ٧٠٥ جوتیاری سنوورەکەیان تۆمار کردووە لەگەڵ بڕی بەرهەم و بڕی ئەو ڕووبەرەی بە کشتوکاڵی گەنم کراوە و ڕەوانەی وەزارەتی کشتوکاڵیان کردووە و ئەوانیش ڕادەستی وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی عێراقیان کردووە.
لە گەرمیان حکومەت تەنها یەک بنکەی هەیە بۆ وەرگرتنی گەنم کە توانای لەخۆگرتنی ٣٦ هەزار تۆن گەنمی هەیە، ساڵی ڕابردووش لە کۆی زیاتر لە ١٢٠ هەزار تۆن گەنمی خەمڵێنراو، تەنها ٢٨ هەزار تۆن لە جووتیاران وەرگیرا.
بەوتەی شادیە حسێن ئامادەکارییان کردووە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و لە مانگی یەکی ئەمساڵیشەوە ٨٠%ی کارەکانی سایلۆی گەرمیان تەواوکراون، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کارەکانی ڕاوەستاوە و هێشتا ٢٠٪ی کارەکانی بە تەواونەکراوی ماونەتەوە و ئەمساڵ ئامادە نابێت بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی سنووری گەرمیان.
هەرچەندە ئەمساڵ کشتوکاڵی گەرمیان توانای دابینکردنی بنەتۆوی نەبووە بۆ جووتیاران و تەنها چەند جووتیارێک نەبێت کە بۆ توێژینەوە بڕی ٣١٧ تۆن گەنمیان بەسەردا دابەشکراوە، بەڵام بەوتەی جوتیاران خۆیان بەروبومی ئەمساڵیان بە ڕێژەیەکی زۆر زیادیکردووە.
س.ح