حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند قەرەبووی زیان لێکەوتوانی هەردوو لافاوەکەی هەولێریان کردووەتەوە ،بۆ لەمەودواش نەوتی سپی لەناو شارەکاندا بە ٩٠ هەزار دابەش دەکرێت و لە شارۆچکە و گوندەکاندا بە٥٥ هەزار.
جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: دواكەوتنی ٢٠٠ ملیارەكە لە بەغداوە هۆكاری سەرەكی دواكەوتنی دابەشكردنی موچەیە، بۆیە بەخاوی دابەش دەكرێت تا وەزارەتەكان ماوەكەیان زۆر جیاواز نەبێت و گرفتمان بۆ دروست نەبێت.
هەرکات بەغدا ئەو پارەیە بنێرێت ئێمە لە دوو بۆ سێ ڕۆژدا موچەی ئەو وەزارەتانە دابەش دەکەین کە موچەیان وەرنەگرتووە، هیوادارین لەم چەند ڕۆژەدا ئەو پارەیە بگات.
ئەو وتیشی: ٨٠٪ی هاوبەشانی کارەبا پێوەری زیرەکیان بەستووە، هەنگاوی زۆرباشە ڕێگری لە سوتانی مۆلیدە و کۆکردنەوەی داهات هەبووە، گرفت هەیە دەبێت پێداچونەوەی بۆ بکەن لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، هەندێک کەس و گروپ هانی خەڵک دەدەن کە پێوەری کارەبا و ئاو لێ بکەنەوە، ئەوانەی ئەو کارە گێرەشێوێنیە دەکەن ڕێکاری یاساییان لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر.
لەبارەی هاتنەوەی پارەی ٥٤ ملیۆن دینار بۆ هاوڵاتیەک لە گەرمیان وتی: مەعقول نییە ئێمە پارەی زیاد لە خەڵکی خۆمان وەربگرین با بچن پێداچونەوە بکەن دامودەزگاکان چارەسەری دەکەن.
وتەبێژی حکومەتی هەرێم وتیشی: لە بەر ئەوەی داهاتیان باشترە خەڵکی ناوشارەکان بۆ لەمەودوا نەوتی سپی بە ٩٠ هەزار دابەش دەکرێت و لە شارۆچکە و گوندەکانیشدا بە ٥٥ هەزار دابەش دەکرێت بۆ هەر بەرمیلێک.
ئەو وتیشی حکومەت زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی قەرەبوو کردووەتەوە داتامان هەیە، لەلایەن حکومەتەوە قەرەبوو کراونەتەوە، نەک تەنها لافاوی یەکەم بەڵکو لافاوی دووەمیش قەرەبوو کراونەتەوە.
ها-غ