هەینی, 17 أبر 2020 – 12:23 ڕۆژنیوز – دیانا
ئاڵۆزییەکان لەسەر جێگرکردنی هێز لە زێنی وەرتێ بەردەوامە، حکومەتی هەرێم دەڵیت: هێزەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنایە، بەڵام چاودێرانی سیاسی دەڵێن: ئەمکارە ڕێگە بۆ هێرشی زیاتری دەوڵەتی تورک دەکاتەوە، کەجەکە داوای کردووە ئەو هێزانەی هاتوونەتە هەرێمەکە، بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و نەبنە هۆی ئالۆزیی، لە کاتێکدا وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاندبوو، جێگیرکردنی ئەو هێزانە لە زێنی وەرتێ کاتییە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر هێزێکی نوێی زێڕەڤانی سەربە پارتی براوەتە زێنی وەرتێ.
بەپێی زانیاریی سەرچاوە باوەڕپێکەراوەکان کە لە ناوچەکە بە ڕۆژنیوزیانداوە و نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، پارتی نەک تەنها بۆ زێنی وەرتێ لە دوو ناوچەی دیکەی سۆرانیش هێزی سەربازیی زیادکردووە.
سەرچاوەکان ڕایانگەیاند: پارتی ژمارەیەک لە هێزەکانی خۆی لە بابیشکا کە دەکەوێتە نێوان دیانا و ڕەواندز جێگیر کردووە و لەوێ جموجوڵیکی زۆری سەربازی دەبینرێت.
سەرچاوەکان هەروەها ئاشکرایانکرد کە پارتی لە قەسرێی سەربە ناوچەی سۆران کە نزیکە لە قەندیل، ژمارەیەکی زیاتر لە هێزەکانی خۆی بردووەتە بارەگاکانی.
هەر ئەو سەرچاوانە ئاشکرایان کردووە کە لەناو ئەو هێزانەی براونەتە بابیشکا و قەسرێ، پێشمەرگەکانی ڕۆژیش هەن و ژمارەی ئەو پێشمەرگانەی ڕەوانەی ئەوێ کراوە زیاترە لە هەزار پێشمەرگە.
سەرنجڕاکێشە کە هاوکات لەگەڵ دروستکردنی بارەگا لە زێنی وەرتێ، فڕۆکە سیخوڕییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەسەر ئاسمانی ناوچەکەوە بوون و هەر ئەو ڕۆژە بارەگاکانی گەریلایان کە چەند مەتر دووری بارەگاکانی پێشمەرگە بوو کرانە ئامانج و تێدا سێ گەریلا شەهید بوون.
هەروەها هاوکات لەگەڵ هێرشەکان بۆسەر زێنی وەرتێ، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای داگیرکەری تورک کامپی پەنابەرانی مەخموریان بۆردوومانکرد و لەو هێرشەشدا، سێ ژنی بێریڤان شەهیدبوون.
ک.س