شەممە, 23 يون 2018 – 11:39 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات، هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیرانی تورکیای نرخاند.
بایک، لە سەرەتای قسەکانیدا وتی: دەوڵەتی تورک لە دۆخێکدایە کە بە چەواشەکاریی و ساختەکاریی و بانگەشەی درۆوە بەرەو پیریی هەڵبژاردن دەچێت، ماوەی چەند ڕۆژە ئەردۆغان لە میدیاکاندا دەستیکردووە بە درۆکردن، دەیەوێت کۆمەڵگا بەو درۆیانەی بخەڵەتێنێت و سیاسەتی شۆڤێیی و نەژادپەرستیی لە کۆمەڵگای تورکیادا گەش بکاتەوە.
وتیشی: دەڵێن قەندیلیان بۆردوومان کردووە و لەکاتێکدا بەرێوبەرایەتیی پەکەکە لە کۆبوونەوەدا بوون، ٣٥ هەڤاڵی ئێمەیان شەهیدکردووە، ئەوە بەتەواوی درۆیە، نەک تەنیا هەڤاڵانی بەرێوبرایەتی، بەڵکو تەنیا گەریلایەکیشمان لەو بۆردوومانانەدا شەهیدنەبووە، ئێش بە نینۆکی یەک گەریلاشمان نەگەیشتووە، بەبێ ئەوەی شەرم بکەن درۆی ئاوا گەورە دەکەن، ئەوە هەواڵانە لەلایەن میدیای تورکیاوە کە تێکڕا سەربە ئەردۆغانن بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگای تورکیا بخەڵەتێنن.
وتیشی: لە موسڵمانێتیدا درۆمان نییە، بەپێی ئیسلام درۆکردن بێ ئەخلقییە، ئەردۆغان بەو درۆیانەی خۆی بە بێ ئەخلاق دەردەخات، بەو درۆیانە دەیانەوێت دەسەڵاتدارییەکەیان ڕابگرن، بە ئاژانسی ئانادۆڵ دەڵێت، کە بەدرۆ بنووسن، ٥٢٪ی دەنگەکان هی ئاکەپەیە، لە پرسوس وڵاتپارێزیان کوشتووە، لەبارەی عەفرینەوە درۆ بڵاودەکەنەوە، لەلایەکەوە دەیانەوێت کاندیدی جەهەپە بۆ سەرۆک کۆماریش بەشداری ئەو پیلانانە بکەن، بە کورتییەکەی دەیانەوێت بەم شێوەیە کۆمەڵگای تورکیا بخەڵەتێنن.
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: خەڵک دەڵێن پەتی درۆ کورتە، درۆکانی ئەردۆغان تەواوبوون، تا ئێستا توانیویەتی بەدرۆ کۆمەڵگا بخەڵەتێنێت، بەڵام چیدی کەس بەو درۆیانە فریو ناخوات، دەڵێت، کە ٣٥ هەڤاڵی بەڕێوبەرایەتی پەکەکە لە بۆردوومانێکدا لە قەندیل شەهیدکراون، ئەو درۆیەکی شاخدارە، میدیاکانیشیان ئەو درۆیە بڵاودەکەنەوە، با گەل بزانن کە هیچ هەڤاڵێکمان شەهید نەبووە، ئەو درۆیە بەس بۆ پرۆپاگەندەی ڕەش بڵاوکراوەتەوە، ڕاستە تا ئێستا چەندین جار قەندیلیان بۆردوومان کردووە، لەلایەکەوە دەڵێن نزیک بووینەتەوە لە قەندیل، ئەوەش لە ڕاگەیاندنەکانیاندا بڵاودەکەنەوە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە قەندیل، تەنیا ئەوەی ڕاستە کە فڕۆکەکەیان قەندیل بۆردوومان دەکەن، بەڵام ئەنجامی بۆردوومانەکانیان هیچ زیانێکی بە ئێمە نەگەیاندووە.
لەبارەی چوونی تورکیا بۆ قەندیلیش وتی: تەنیا پارتی دەتوانێ دەوڵەتی تورک تا قەندیل بێنێت، ئەگینا تورکیا ئەو هێز و توانایەی نییە، چونکە مەودایەکی زۆر درێژە هەیە بۆ گەیشتن بە قەندیل، چیا و گەلی و دۆڵ لەو نێوانەدا هەن، تورکیا بەم ئاسانییانە ناگاتە قەندیل.
جەمیل بایک باسی لەوەشکرد، کە دەسەڵاتدارانی ئاکەپە بە کردەوەکانیان ڕەوایەتی هەڵبژاردنیان لەناوبردووە، دەڵێت:’ئەردۆغان دەڵێت چی دەکەن بیکەن، تەنیا بۆ ئەوەی نەهێڵن هەدەپە بەربەستی ١٠٪ تپەڕبکات’، بەو شێوەیە دەیانەوێت ئیرادەی خەڵک تێکبشکێنن، بەڵام باش بزانن کە بەدرۆ ناتوانن ئیرادەی خەڵک تێکبشکێنن، ڕەنگە تا ئێستا توانیبێتیان بەڵام لەمەودوا ناتوانن، خەڵکی تورکیا بە تایبەتی موسڵمانەکان بینییان کە ئەردۆغان چەندە درۆزنە.
جێگای ئاماژەپێکردنە، بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن، ماوەیەکە ئەردۆغان و میدیاکانی تورک بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە کۆبوونەوەیەکی بەڕێوبەرانی پەکەکەیان لە قەندیل کردووەتە ئامانج، دوێنێش کەجەکە بە ڕاگەیەندراوێک ئەو پڕوپاگەندانەی بەدرۆ خستەوە.
ب.ل