یەكشەممە, 12 أبر 2020 – 13:05 رۆژنیوز- شەقڵاوە
جەژنی هەستانەوەی مەسیح، گەورەترین جەژنی پەیڕەوانی ئاینی مەسیحییە و لە هەموو جیهان ئەم جەژنە لە یەکتری پیرۆز دەکەن، شێوازی پیرۆزکردنەکانیش لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی دیکە جیاوازە، بەڵام ئەوەی کە لە هەموویاندا هاوبەشە، ڕەنگکردنی هێلکە و پێشکەشکردنیەتی بە دۆست و خزمانیان.
جەژنی (قیامە)ی مەسیحییەکان بە چەند ناوێکی دیکەی وەکو ‘فەصح’یش ناسراوە، لەناو کۆمەڵگەی کورد و موسڵماناندا بە جەژنی (هێلکە سوور) ناسراوە، ئەویش بەهۆی ئەوەیە کە لەو جەژنەدا هەڵگرانی باوەڕی مەسیحی، جگە لە شیرینی و نوقڵ، هێلکەی کوڵاو ڕەنگاوڕەنگ دەکەن و نەخش و نیگاری ڕەنگاوڕەنگی لەسەر دەنەخشێنن و پێشکەشی یەکتری دەکەن وەکو جەژنانە.
جەژنی قیامە، دەکەوێتە چوارەمین یەکشەممەی دوای نەورۆز، بەپێی باوەڕی پەیڕەوانی مەسیحی، ئەم رۆژە کە هاوکات کۆتایی هاتنی ڕۆژووگرتنێکی چل رۆژەیە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ئینجیلدا هاتووە، لەم ڕۆژەدا حەزرەتی مەسیح دوای سێڕرۆژ لەخاچدانی هەڵدەستێتەوە و بەم شێوەیە کۆتایی بە ڕۆژووگرتنە ٤٠ رۆژییەکەیان دێت.
لە باشوری کوردستان ئەو جەژنە تایبەتمەندی خۆی هەیە، لەو رۆژەدا پەیڕەوانی مەسیحی کۆ دەبنەوە و سەردانی مەزارێک دەکەن لە هاوینەهەواری شەقڵاوە بەناوی (رەبەن بویا) کە مەزارێکی هاوبەشی مەسیحی و موسڵمانانە و لەلایەن موسڵمانان بەناوی (شێخ وسو رەحمان ناسراوە).
مەزاری رەبەن بویان لە قەدپاڵی چیای سەفین، لە بەرزایی دۆڵێكە و دەڕوانێتە سەر شارۆچكەی شەقڵاوە و سەر رێگای گشتی (شەقڵاوە – هیران)، تاكو نزیك مەزارەكە رێگای ئوتومبێل هەیە، دواتر گەشتیاران بە پیادە دەڕۆن، مەزارگهكە لە ئەشكەوتێكدا لە بەرزی ٢٠ مەتر لە شاخ هەڵكەندراوە، دوو ژووری گەورە و چەند ژوورێكی بچووكیشی تێدایە، خەڵكانێكی زۆر لە مەسیحی و موسوڵمان بۆ نزا و پاڕانەوە و گەیشتن بە مرازەكانیان ڕووی تێ دەكەن، پەیڕەوانی مەسیحی نەک تەنیا کوردستان، بەڵکو لە هەموو عێراقەوە لە جەژنی قیامە ڕووی تێدەكەن.
بەهۆی بارودۆخی کرۆنا و بڵاوبوونەوەی لە هەموو جیهان، لە زۆربەی وڵاتانی جیهان تەنیا لە ماڵەکانی خۆیان ئەو مەراسیمەیان گێڕاوە، مەسیحییەکانی باشوری کوردستان بە شێوازی جیاوازی خۆپارێزی جەژنەکەیان پیرۆز کرد، لە بەشێک لە کەنیسەکانی کوردستانیش بە شێوەی لایڤ’ڕاستەوخۆ لەڕێگای ئینتەرنیتەوە’ بۆ خانەوادە مەسیحییەکان مەراسیمی ئاینی جەژنەکەیان بەڕێوەبرد.
ش.ف