حاجی ئاسکە ژنێکی گەرمیانییە، کە ستەمی ڕژێمی بەعسی چەشتووە، زاڵمی ئەردۆغان و سەدام بەیەک دەچوێنێت و بانگ لەیەکێتی ئەوروپا دەکات پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربکەن و ئەردۆغان بە تیرۆرست لەقەڵەم بدەن، چونکە زاڵم و ستەمکارە.
ئاسکە عەبدوڵا ژنێکی ڕەنجدەر و کوردپەروەری گوندی سەنگەری سەرووی سەربە ئیدارەی گەرمیان، کە زوڵم و ستەمی ڕژێمی بەعسی بینیوە و کاتی خۆی لەسەر کوردپەروەریی گوندەکەیان ڕوخاندوون و ماڵەکەیان سوتاندووە، بانگەوازیی لە جیهان دەکات پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربکەن و بەهانای کوردەوە بێن لەدەست زوڵم و ستەمی ئەردۆغان.
حاجی ئاسکە بە ڕۆژنیوزی وت: وەک چۆن ئێمە بەدەستی سەدام حسێنەوە دەربەدەربووین، کوردانی باکووریش بەدەست ئەردۆغانەوە دەربەدەرن و زوڵمیان لێدەکرێت، تورکێک کە خاکی خۆی نییە مافی هەیە، بەڵام کوردێک کەلەسەر خاک و نیشتمانی خۆیەتی مافی نییە، کوردیش داوای مافی خۆی دەکات بەڵام بێ پشت و پەنان بۆیە بە ناحەق بە تیرۆرست لەقەڵەم دەدرێن.
دەشڵێت: لە تورکیا تەنها لەبەر گوێگرتن لە گۆرانی کوردیی کورد دەکوژن، ئەوە زوڵم و ستەم نییە؟ مادام ئەردۆغان زوڵمو ستەم دەکات خۆی تیرۆرستە نەک کورد، پەیامم هەیە بۆ یەکێتی ئەوروپا و دەوڵەتە زلهێزەکان مافی کورد بدەن و پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربکەن، بۆ ئەوەی کورد بگاتە سەربەخۆیی، داوایان لێدەکەم ئەردۆغان بخەنە لیستی تیرۆرەوە، چونکە زاڵمە و ستەم لە کورد دەکات.
س.س