حاکم شێخ لەتیف: بەهەمواری دەستور عێراق بەرەو دیکتاتۆرییەت دەبەن

حاکم شێخ لەتیف، پسپۆڕی دەستوریی، دەڵێت، کە ئەو لایەنانەی نزیکن لە ئێرانەوە، دەیانەوێت بە هەمواری دەستور عێراق بەرەو دیکتاتۆریەت بەرن، دەشڵێت: کورد تەنها لەڕێگەی ڕاپرسییەوە دەتوانێت ڕێگا لە هەموارکردنەوەی دەستوری عێراق بگرێت ئەگەر لە بەرژەوەندی نەبوو.


یەکێک لەو چاکسازییانەی حکومەتی عێراق بڕیاری لێداوە بۆ ڕازیکردنی دڵی خۆپیشاندەران و کپکردنەوەی شەقام، هەموارکردنەوەی دەستورە، ئەم هەنگاوەش لەڕۆژی ١٠-١١- ٢٠١٩ وە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستور دەستی بە کارەکانی کردووە.

حاکم شێخ لەتیف، پسپۆڕی دەستوریی، لەبارەی هەموارکرنەوەی دەستوری عێراق و ئەو ماددانەی خواستی گۆڕینی لەسەرە بە ڕۆژنیوزی وت: ئەم لیژنەیە لەسەر داواکاریی خۆپیشاندەران پێکهاتووە، یەکێک لە داواکارییەکان گۆڕینی سیستمی پەرلەمانییە بۆ سەرۆکایەتی، هەروەها داواکارییەکی زۆریش هەیە بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی فیدراڵیەت و کەمکردنەوەی لامەرلەزییەت، ئەمە ئەو شتانەیە کەبەناوی خۆپیشاندەرانەوە دەوترێت، بەڵام من پێم وایە ئەوانە داواکاریی لایەنە سیاسییەکانن و بەناوی خۆپیشاندەرانەوە دەوترێن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، کە ڕیکارەکانی گۆڕینی دەستوری عێراق ئاڵۆزە و بەئاسانی ناگۆڕدرێت و وتی: دەبێت پێشنیار پێشکەشبکرێت لەلایەن ئەو لیژنەیەی کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پێکهێندراوە، دواتر زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر بدات، دوای ئەوە دوو لەسەر سێی دەنگدەرانی سێ پارێزگا ڕەتی نەکاتەوە.

حاکم شێخ لەتیف، پێی وابوو لەئێستادا هەلومەرجی گۆڕینی دەستور لە عێراق لەبارە، چونکە لەناو پەرلەماندا بە ئاسانی دەتواندرێت ١٦٦ دەنگی ئەندامانی بۆ کۆبکرێتەوە، خەڵکیش دەنگی لەسەر دەدات، چونکە وا گەیەندراوەتە خەڵک، کە هەموو نەهامەتی و بێکاریی و گەندەڵییەکان خەتای دەستورە، ئەگەر دەستور بگۆڕدرێت گوزەرانی خەڵک باش دەبێت، بۆیە پێی وابووئەو قۆناغانە  بەئاسانی تێدەپەڕێت، دەڵێت: ئەوەی کە دەمێنێتەوە بەدەست کوردەوە ڕەتکردنەوەی هەموارەکەیە لەلایەن دوو لەسەر سێی دەنگدەرانی سێ پارێزگاوە ئەگەر هەموارەکە لە بەرژەوەندی کورد نەبوو.

شێخ لەتیف، گۆڕینی دەستوری لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی بە مەترسی زانی و وتی: گۆڕینی سیستمی سیاسی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی کێشەیە، چونکە ڕۆشتنە بەرەو دیکتاتۆریەت، هەروەها کەمبوونەوەی دەسەڵاتی فیدڕاڵی و پارێزگاکانیش کێشەیە بۆکورد، کورد خۆی بەدەست دەسەڵاتی مەرکەزیی و دیکتاتۆرییەوە زۆری کێشاوە، ڕاستە خەڵکی کوردستان زۆر بێزارن لە حکومەتی هەرێم، هەندێک خەڵک هەیە دەیەوێت ئەم دەسەڵاتە هەر نەمێنێت، بەڵام ئەوە ڕقە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم، دەبێت ڕق لە دەسەڵاتداران جیابکەینەوە لە کیانی هەرێمی کوردستان، ئەم دەسەڵاتدارانە چەند تەمەنیان درێژ بێت هەر دەبێت بڕۆن.

ناوبراو، ڕای وایە کە ئەو لایەنانەی نزیکن لە ئێرانەوە خواستی گۆڕینی سیستمی سیاسی عێراقیان هەیە و وتی: ئەوانەی داوای گۆڕینی سیستمی سیاسی دەکەن مالیکی و هادی عامری و خزعەلی و چەند سیاسییەکی شیعەی دیکەن، واتا ئەوانەن کە نزیکن لە ئێرانەوە، لەبەر ئەوە داوای گۆڕینی سیستمی سیاسی دەکەن بۆ سەرۆکایەتی چونکە خەڵکیان لەگەڵ نەماوە، بۆیە دەیانەوێت لەڕێگەی گۆڕینی سیستمەوە عێراق بەرەودیکتاتۆریەت بەرن و هەرچۆنێک بێت یەکێک بکەن بە سەرۆک کۆمار و ئیتر بۆماوەیەکی درێژ لە دەسەڵاتدا بمێننەوە، هەروەها لەساڵی ٢٠٠٣وە ململانێیەک هەیە  لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا لە عێراق، هەمیشە ئێران ئەو ململاێیەی بردووەتەوە، لەبەر ئەوەی شەقامی شیعی نزیکە لە ئێرانەوە، ئێستا ئەمریکا دەیەوێت لەو پێگەیەی ئێران بدات، چونکە دەزانێت ئێستا شیعەش لە ئێران نیگەرانە، بۆیە هانی خۆپیشاندەران دەدات بۆ ئەوەی دەسەڵات لە ئێران دوور بخاتەوە، ئێستا ئێرانیش پشتی ئەو هێزانە دەگرێت بۆ ئەوەی سیستمەکە بکات بە سەرۆکایەتی.

د.ع