حزبی شیوعی كوردستان ئیدانەی دەستگیركردنی هەڵسوراوانی سیاسی لە سلێمانی دەكات

لە ڕاگەیەندراوێکدا حزبی شیوعی كوردستان ئیدانەی دەستگیركردنی هەڵسوراوانی سیاسی لە سلێمانی دەكات لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە و دەڵێت: ئەوکارە بە پێشێلكاری ڕاستەوخۆ و مەترسیدارلە سەر ئازادییە سیاسیەكان و ئازادیی ڕادەربرینی دەزانین.


ئەمڕۆ دوای ئەوەی بەمەبەستی نمایشكردنی فیلمی شەهید ساكینە جانسز كۆمەڵێك هاوڵاتی و نوێنەری لایەنە سیاسیی و ڕێكخراوەكان چونە سەكۆی ئازادی لە پاركی ئازادی شاری سلێمانی، ئاسایشی شارەكە ڕێگریی كردوو ٥٢ كەسی دەستگیركرد، كەتێیاندا بەڕێوەبەرانی تەڤگەریی ئازادیی و بەرەی دیموكراسی گەل هەن و زۆرینەی دەستگیراوانیش ژن بوون.

لەو بارەیەوە حزبی شیوعی كوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە:  ئەمڕۆ چەندین كەس لە هەڵسوراوانی سیاسی و ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی كوردستان لە شاری سلێمانی دەستگیركراون، ئەو ڕووداوە كە هاوكاتە لەگەڵ داخستنی سینەمای سالم و ماوەنەدان بە نمایشكردنی فیلمێك سەبارەت بە ژیانی كۆمەلێك شەهید بووەتە مایەی نیگەرانی هەموو خەمخۆرێكی ئازادی و دیموكراسی، هەر بۆیە بە نیسبەت حزبی شیوعی كوردستانەوە بە پێشێلكاری ڕاستەوخۆ و مەترسیدار لە سەر ئازادییە سیاسیەكان و ئازادی ڕادەربرینی دەزانین.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: وەک حزبی شیوعی كوردستان ئیدانەی ئەو كارانە دەكەین و داواكارین بە زوترین كات گیراوەكان ئازاد بكرێن.

د.ع