حزب و لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە شاری کەرکوک، بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک بە مەبەستی بەشداریکردن لە هەڵبژادنەکان کۆبوونەوە
ئەمڕۆ حزب و لایەنە سیاسییەکانی لە کەرکوک، بە مەبەستی تاووتوێکردنی بەشداریکردنی لایەنەکان بە یەک لیست لە بارەگای زەحمەتکێشانی کوردستان کۆبوونەوە.
پاش کۆبوونەوەکە، کە جگە لە پەدەکە لایەنەکانی دیکە تێیدا بەشداربوون، شوان محەمەد بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا باسی لە ئەنجامی کۆبوونەوەکە کرد.

شوان محەمەد وتی، بۆ ئامادەکاریی لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کۆبوونەتەوە، “بڕووامان وایە کە دەبێت هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت و گۆڕانکاری باشی لێبکەوێتەوە، وە کۆتایی بەو دۆخە سەربازییەی کەرکوک بهێنرێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئامادەکاریی دەکەن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی و بۆ هەر ئەگەرێکی لەناکاو ئامادەکارییان کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، هەڵبژاردنەکانی عێراق کە بڕیاربوو لە مانگی ٦ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، دەوترێت بۆ دوای مانگی ٩ دوادەخرێت، بەڵام تائێستا ئەو دواخستنە بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە.
س.ح