حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک لەگەڵ یۆنامی کۆبوونەوە

حزب و لایەنە کوردستانیەکان لەشاری کەرکوک لەسەر ئاستی باڵا، لەگەڵ نوێنەری سیاسی یۆنامی لەکەرکوک کۆبوونەوەو داوای پشتگیری یۆنامی-یان لەئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکوک کرد.


ئەمڕۆ حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانیەکان، سەبارەت بە دۆخی شاری کەرکوک لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ یۆنامی کۆبوونەوە.

دەربارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، شوان محەمەد بەرپرسی حزبی زەحمەتكێشان لەکەرکوک بەڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:" لەسەر داوای حزبە کوردستانیەکان لەگەل یۆنامی کۆبوونەوەیەکی گرنگمان ئەنجام دا، یۆنامی وەکو بێ لایەن چاودێری لەگەڵ دۆخەکە دەکەن،لەکۆبوونەوەکەدا باسمان لەسەر دۆخی سەربازی کەرکوک و بەسەربازیکردنی شارەکە کرد، هەروەها نەگەڕانەوەی پارێزگاری کەرکوک بۆ ئەنجوومەنی شارەکەو دەرکردنی بڕیاری تاکلایەنە، گفتوگۆو کێشەکانی کەرکوک یاداشت کراو ڕادەستی ئەوان کرا".

لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک ئەو بەرپرسەی حزبی زەحمەتکێشان وتی:" ئێمە ناڕەزایەتیمان دەربڕی لەمەڕ یاسای هەڵبژاردنەکان بەتایبەت بڕگەی ٣٥ی یاسایی کە باس لەوە دەکات لەدەرەوەی کارتی بایۆمەتری هاوڵاتی دەتوانێت دەنگ بدات، ئێمە وەک لایەنی کوردی ئامادەین بۆ هەڵبژاردن بەڵام دەبێت ئەو یاسایە هەموار بکرێتەوە".

بابەتێکی تری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لایەنە کوردستانیەکانی کەرکوک و یۆنامی پرسی تەعریبی کەرکوک بووە، تێیدا یۆنامی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان کرد بە ڕاپۆرت و ئاڕاستەی سەرووی خۆیان دەکەن.

ب.ش