ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پادێ ڕایگەیاند، ئەم دۆخەی عێراق پێیدا تێدەپەڕێت، دۆخێكی مەترسیدارە و پێویستە خەڵكی شەنگال لەم پرۆسەیەدا دەستكەوتەكانیان بپارێزن و دەڵێت: سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی دیموكراتی، كە لە شەنگال پەیڕەو دەكرێت، دەتوانێت چارەسەرێك بێت بۆ هەموو كێشەكانی عێراق.
حسێن حاجی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی ئازادی و دیموكراسی ئێزدی -پادێ، سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی عێراق و مەترسی لەسەر پێكهاتە ئاینییەكان، لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنیوز ڕایگەیاند، عێراق لە دۆخێكی مەترسیدار دایە، پێویستە خەڵكی شەنگال لەم پرۆسەیەدا دەستكەوتەكانیان بەرامبەر لایەنە سیاسییەكان بپارێزن و سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی دیموكراتی، كە تا ڕادەیەك لە شەنگال دامەزراوە دەتوانێت چارەسەرێك بێت بۆ هەموو كێشەكانی عێراق.
تیشك دەخاتە سەر دۆخی عێراق دوای هەڵبژاردن و دەڵێت: كاتێك دەستووری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ نوسرایهوه و پهسهند كرا، لە بەرژەوەندی خەڵكدا نەبووە، بەڵكو زیاتر لەسەر بنەمای لایەنە سیاسی و تائیفیەكان بووە و نەیدەتوانی وەڵامێك بۆ خەڵك بێت و كێشەكانیان چارەسەر بكات.
ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی پادێ، هەڵبژاردنی پێشوەختی ١٠ مانگ لەمەوبەری عێراقی بەبیرهێنایەوە و وتی: دەیانویست كێشەكان چارەسەر بكەن و عێراق یەكبخەنەوە، بەڵام ئەمە ڕووی نەدا و بارودۆخی عێراق ئاڵۆزتر بوو، لە ئێستادا عێراق بەناو دەوڵەتە، بەڵام نە سیستم و نە یاساكانی دەوڵەتداریی تێدا پەیڕەو ناكرێت و ناتوانێت خۆی بپارێزێت و خۆی بەڕێوە ببات.
باسی لەوەشکرد، قوربانیی سەرەكی خەڵكی عێراقن، لە سەردەمی سەدام حوسێنەوە تا ئێستا عێراق تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت، لە ئێستادا عێراق بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە، ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی، هەریەكەیان بەشێك لە خەڵك بۆ لای خۆی ڕادەكێشێت، ئەم دابەشبوونەش ڕێگرە لە بەردەم پێكهێنانی حكومەت.
لەبارەی پڕۆژەی نەتەوەی دیموكراتیك وەك چارەسەرێك بۆ هەموو كێشەكانی عێراق جەختیکردەوە، ئەم سیستمە مافێكی ڕەوای خەڵكە بۆ ئەوەی خۆی بەڕێوە ببات، لایەنە نەیارەكان هەرچییەك دەڵێن با بیڵێن، ئێمە هێزی بەرگریی خۆمان هەیە، لە دوای فەرمانەكەوە ئەوە هەشت ساڵە لەژێر سیستەمی نەتەوەی دیموكراسی خۆمان بەڕێوە دەبەین.
هێمای بۆ ئەوەشكرد، لە لایەنی یاساییەوە، هەمیشە بەدوای مافەكانی خۆماندا دەبین تا ئەو كاتەی دان بە خۆبەڕێوەبەریدا دەنرێت، ئێستا عێراق لەم دۆخەدایە، بەغدا كێشەی هەیە، بەڵام شەنگال لە سایەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر و هێزەكانی بەرگرییەوە بەردەوامە لە كاركردن و ئەم سیستەمە دەتوانێت خزمەت بە خەڵك بكات.
نەیشاردەوە، کە چاوی هەمووان لەسەر سیستەم و دامودەزگاكانی شەنگالە و هۆكارەكەشی لەبەر ئەوە نییە، كە خەڵكی شەنگال فەرمانیان لەسەر جێبەجێكراوە، بەڵكو لەبەر ئەوەیە، كە خەڵكی شەنگال خۆیان ڕێكخستووە و هێزی بەرگری و دامەزراوەی دیموكراسی خۆیان هەیە.
ئەوەشی خستەڕوو، هەوڵی زۆر درا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێكخستنە، پلانی سیاسیی دانرا، سەربازیان نارد بۆ ناوچەكە، لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان -پەدەكە و توركیا هێرشیان كردە سەر شەنگال، بەڵام گەلەكەمان هەنگاوێكیان بۆ دواوە نەنا و بەردەوام بوون لە وەرگرتنی مافە ڕەواكانی خۆیان.
لە كۆتاییشدا حسێن حاجی هۆشداریی بە كۆمەڵگەی ئێزدی دەدات و دەڵێت: ئێستا شەڕێكی تایبەت لەسەر گەلەكەمان لە كەمپەكاندا دەكرێت، ئەوان دەیانەوێت گەلەكەمان كۆچ بكەن بۆ دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی نەگەڕێنەوە بۆ شەنگال و ئەمەش پلانێكی سیاسییە بۆ چۆڵكردنی شەنگال، داوا لە گەلەكەمان دەكەین ئاگاداری شەنگال بن نەك فریو بدرێن”
ڕ. ڕ