حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کە لە سبەینێوە دەست بە دابەشکردنی موچە دەکەن بە لێبڕینی ٢١٪، ئاماژە بەوەشدەکەن، کە بۆ دابەشکردنی موچە قەرز دەکەن، هەرکاتێک پارەکەی بەغدا گەیشت قەرزەکە دەدەنەوە.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەکە ڕاگەیەندراوێکیان لەبارەی موچەی فەرمانبەرانەوە بڵاوکردەوە.
ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لەم ڕۆژانەدا بەردەوام لەسەر هێڵ بووین لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بەڵێنیانداوە بابەتی ناردنی موچە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چارەسەر بکەن.
هەروەها هاتووە: لەبەر هەر هۆیەک لە کاتی خۆیدا بەشە موچەی هەرێم لە بەغداوە نەگەیشت، ئەوا حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچارە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە پەنا بۆ قەرز ببات و قەرز بکات تا بڕە مووچەی تەرخانکراو لە بەغدا دەگات و دواتر پارەکەی بەغدا، لە بری قەرزەکە دەدرێتەوە.”
باسی لەوەشکردووە، بڕیاردراوە لە سبەینێ-وە دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی ئۆکتۆبەر بکرێت بەو داهاتەی لە بەر دەستی وەزارەتی داراییە و بە تەمویلکردنی موچە بە ڕێژەی ٧٩%.
ئەم بڕیارەی حکومەتی هەرێم بەواتای ئەوەدێت، کە بۆ موچەی مانگی ١٠ ٢١٪ی موچەی هەر فەرمانبەرێک دەبڕردرێت، ئەوە لە کاتێکدایە کە حکومەت دەبوو ئێستا موچەی مانگی ١١ی دابەشبکردایە.
د.ع