حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا شاندی دانووستانکار هەموو هەوڵ و تواناکانیان خستووەتە گەڕ بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، دەشڵێت: هەرکاتێک بە پێویست بزاندرێت شاندەکە سەردانی بەغدا دەکەنەوە.
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەندامانی شاندی دانووستانکاری ھەرێم لە گەڵ بەغدا کۆبوونەوە.
بە پێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە شاندی دانووستانکاری هەرێم لایەنی فەرمی گفتوگۆیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و بە هیچ شێوەیەک حکومەتی هەرێم سازش لە مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکات.
ئاماژە بەوەشکراوە، کە شاندی دانووستانکاری حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و بەردەوام داکۆکی لە مافە ڕەواکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کردووە، لەبارەی دووبارە چوونەوەی شاندەکەش بۆ بەغدا دەڵێن: شاندی هەرێمی کوردستان لە هەر کاتێک بە پێویستی بزانێت، ئامادەیە سەردانی بەغدا دەکات.
د.ع