حکومەتی هەرێم گەنمی لێزیادە بەڵام بنەتۆو لە تورکیا دەکڕێت

بەرهەمی ساڵانەی گەنمی هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار تۆنە، جگەلەوەی توانای پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆیی هەیە بۆ ئارد، دەتوانێت ٦٠٠ هەزار تۆن گەنمیش هەناردە بکات، بەڵام بۆ بنەتۆوی ئەمساڵ، ٨٠ هەزار تۆن لە تورکیاوە هاوردە دەکات.


لە هەرێمی کوردستان ساڵانە ٤٤ هەزار و ٥٣٦ جووتیار گەنم دەچێنن، بەرهەمی ئەمساڵی گەنمی جووتیارانیش ملیۆنێک و ٣٢٣ هەزار و ٤٢٥ تۆن بووە، لەبەرامبەردا هەرێمی کوردستان پێویستی بە ٩٥٠ هەزار تۆن گەنم هەیە بۆ ئارد.

هەڵشۆ، یەکێکە لە جوتیارەکانی هەرێمی کورستان، ئەمساڵ لە وەرزی چاندنی گەنمدا ١٠٠ دۆنم زەویی بە گەنم و جۆ داچاندووە، بەشێکی بنەتۆوەکەی خۆی پاشەکەوتی کردووە و هەندێکیشی لەبازاڕ کڕیوەتەوە، گلەیی لە حکومەت دەکات کە هیچ هاوکارییەکی نەکردووە لە دابینکردنی بنەتۆو.

هەڵشۆ بێستوون خەڵکی گوندی قایکەنەی سەر بە شارەدێی تاسڵوجە بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: حکومەت هیچ هاوکارییەکی ئێمە ناکات، نەک تەنها بنەتۆومان بۆ دابین ناکەن، بەڵکو تەنانەت خۆشمان دەرمان دەکڕین، زەوییەکانیشم بە گەنمی ناوخۆ داچاندووە و بازرگانەکان بۆ سوودی خۆیان دەڵێن گەنمی دەرەوە باشە، بەڵام لە ڕاستیدا وانییە و گەنمی ناوخۆی خۆمان زۆر باشترە و بەرهەمێکی باش دەدات.

بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی ئەمساڵ ٥١٢ تۆن گەنمی بنەتۆی دابینکردووە، بەڵام جووتیارانی سنوورەکە پێویستیان بە ٣٠ هەزار تۆن گەنم هەیە بۆ ئەوەی یەک ملیۆن دۆنم زەوی پێ داچێنن.

بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتییەکەش دەڵێن، کە پلانیان هەیە تا چوار ساڵی داهاتوو زەوییەکانی سنوورەکە بە گەنمی سلێمانی دوو داچێنن و پێویستیان بە هاوردەکردنی گەنم نەبێت لە دەرەوە.

لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا چەند جۆرێک گەنم هەن کە بۆ بنەتۆو بەکاردێت، لەوانەش ئاراس، جیراندۆ، موسڵی، بارشەلۆنە، فەرەنسیی و ئەدەنە، جووتیارانیش دەڵێن، کە گەنمی ناوخۆیی زۆرترین بەرهەمی دەبێت و یەک بە ١٥ تا ٢٠ دەردەکات.

حسێن حەمەفەرەج، دوکاندارە لە شاری سلێمانی و گەنم دەفرۆشێت، ئەو بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: گەنمی ناوخۆ و بەتایبەت بنەتۆوی جیراندۆ گەنمێکی زۆر باشە و بەرهەمی زۆری هەیە، گەنمێکی زۆر لە بازاڕدا هەیە و حکومەتیش وەرینەگرتووە، بازرگانەکان بۆ قازانجی خۆیان گەنم لە دەرەوە دەهێنن.

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم ئەمساڵ تەنها پێنج هەزار تۆن گەنمی بۆ بنەتۆو دابینکردووە، بەڵام جووتیاران پێویستیان بە ٨٥ هەزار تۆن گەنم هەیە تا بتوانن ڕووبەری ٣ ملیۆن دۆنم زەویی کشتوکاڵیی پێ داچێنن، حکومەت ١٥ کۆمپانیای ڕاسپاردووە کە گەنمی بنەتۆو لە وڵاتی تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکەوە هاوردە بکەن.

بۆ هەر تۆنێکیش وەزارەتی کشتوکاڵ ٤٥٠ هەزار دیناری دیاریکردووە و بە پاڵپشتیی ٤٥% دەیفرۆشێتەوە بە جووتیاران، بەڵام کۆمپانیاکان خۆیان نرخ دیارییدەکەن و هەر تۆنێک بە ٥٠٠ بۆ ٦٥٠ هەزار دینار دەفرۆشنەوە.

د.ع