حەسەن جودی: کارکردن بە فەلسەفە و پارادایمی ئۆجالان وەڵامە بۆ پیلانگێڕیی

حەسەن جودی، نووسەر و ڕۆژنامەنووس کە زیاتر لە حەوت مانگ لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە بووە، دەڵێت: باشترین وەڵام بۆ پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی، تێگەیشتن و جێبەجێکردنی فکر و فەلسەفە و پارادایمی ئۆجالانە.


٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٨ گەلەکۆمەی نێودەوڵەتیی لەدژی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە دەستیپێکرد، دوێنێش ٢١ ساڵ بەسەر بەسەر دەستپێکردنی ئەو گەلەکۆمەیەدا تێپەڕبوو، حەسەن جودی، نووسەر و ڕۆژنامەنووس لەبارەی ئامانجی ئەو گەلەکۆمەیەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

حەسەن جودی، کە لە ساڵانی ١٩٩٧-١٩٩٨ ماوەی حەوت مانگ لە سوریا لەگەڵ ئۆجالان بووە، ماوەیەکیش کامێرامانی بووە، باس لەوە دەکات، پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەم لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی واشنتۆنی نێوان یەکێتی و پارتی داڕێژراوە، کە بە سەرپەرشتیی ئەمریکا و بەچاودێریی تورکیا بەڕێوەچوو، دەشڵێت: ئامانج لێی زەبر وەشاندن بوو لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد بە پێشەنگایەتیی پەکەکە، ویستیان بە دەستگیرکردنی ڕێبەرەکەی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد لەناوببەن، ئەمە ئامانجە بنەڕەتییەکەی بوو، بەڵام زۆر دەوڵەت تێیدا بەشداربوون کە هەریەکەیان کاریان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکرد.

وەک حەسەن جودی دەڵێت، ڕفاندنی ئۆجالان یەکێک بووە لە ڕێکارەکانی پیلانگێڕییەکە، "بەڵام پیلانگێڕییەکە بە ئامانج نەگەیشت، چونکە ئامانجی بنچینەیی لااوزکردن و لەناوبردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد بوو، بەڵام بەپێچەوانەوە بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد لە ڕفاندنی ئۆجالانەوە تاوەکو ئێستا ١٥ هێندە زیاتر بەهێزبووە، تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە ئیرادەی بەڕێز ئۆجالان، پەکەکە و گەلی کورد بشکێنن و هەرگیزیش ناتوانن".

دەشڵێت: باشترین وەڵامی ڕێبەر ئۆجالانیش بۆ ئەو پیلانگێڕییە، پێشکەشکردنی پارادیگما و پرۆژەیەکی نوێ بوو، لەگەڵ ئەوەشدا گۆڕینی ستراتیژی تێکۆشان، بەمە توانی وەڵامێکی باشی پیلانگێڕییەکە بداتەوە و ئامانجی پیلانگێڕیی هەڵوەشێنێتەوە.

حەسەن جودی گۆشەگیریی سەر ئۆجالانیش بە بەشێک لە پیلانگێڕیی ناودەبات و دەڵێت: دەیانەوێت پەکەکە و ڕێبەر ئۆجالان و گەلی کورد لەیەک داببڕن، هەوڵدەدەن ڕێبەر ئۆجالان لە پێگەی خۆی داببڕن، چەندە بتوانین باشتر لە فکر و فەلسەفە و پارادایمی ڕێبەر ئۆجالان تێبگەین و جێبەجێی بکەین، دەبێتە باشترین وەڵام بۆ پیلانگێڕیی و شکاندنی گۆشەگیریی، لەگەڵ ئەوەشدا پێویست دەکات گەل زیاتر لەو بزووتنەوەیە نزیکببێتەوە و ئاستی چالاکییەکانی خۆی بەرزتر بکات.

ش.ف