ڕۆژنیوز – بێریڤان عەلی
وڵاتپارێزێکی باکوری کوردستان لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا تەنیا لەسەر داواکردنی مافە نەتەوەییەکانی دەستگیرکراوە و لە زینداندا ژەهراوی دەکرێت چونکە سەری بۆ سوکایەتی و چەوسانەوە دانەنەواندووە، بۆ ئەوەی لەناو دیوارەکانی ستەمی تورکیا نەژی، ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و لە هەولێریش بەهۆی ڕازیی نەبوون بە داواکانی پەدەکەوە بۆ سیخوڕیکردن بۆ میت، شاربەدەری سلێمانی دەکرێت، لە شاری سلێمانیش دەستبەسەر دەکرێت و تا ئێستا مافی مانەوەی لە هەرێمی کوردستان پێ نەدراوە.
حەسەن کاچار خەڵکی شاری هەکاری باکوری کوردستانە، لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا دەچێتە ڕیزی بزووتنەوەی گەنجانەوە، لە کاتی کارکردن لەسەر هەواڵ لێدانی لەلایەن خیانەتکاران لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەستگیرکراوە، خۆی دەڵێت: لە ساڵی ٢٠٠٥دا فەرمانی ئازادکردنی من درا، چونکە بە تۆمەتی دەربڕین و لێدوانی بێ بنچینە دەستگیرکرام، بەڵام دیسان هەندێک دانپێدانانی نوێ هێنرا، وە من لەسەر شایەتی ئەوان ئازاد نەکرام. لە ساڵی ٢٠٠٩ دا سزای زیندانی هەتاهەتاییم بەسەردا سەپێنرا.
حەسەن کاچار لەلایەن بەڕێوبەرایەتی زیندانی وانەوە ژەهراوی دەکرێت و دەڵێت: ساڵی ٢٠٠٧ داواکاری گشتی زیندانەکە لە زیندانی جۆری ئێف-ی وان زۆر بەخراپیی دژی زیندانییەکان دەوەستایەوە، دوژمنێکی کورد و فاشیست بوو، زۆر جار سووکایەتیی بە ئێمە دەکرد، منیس نەمتوانی تەحەممولی بکەم و هەوڵمدا بیکوژم، دوای ئەم هەوڵە، من بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەشی دانرام، لەوکاتەدا بە خواردنەوە ژەهریان دابووە من، دوای ئەوە سیستەمی بەرگریی جەستەم تێکچوو، جەستەم بەتەواوی تێکچوو، نەمتوانی بخۆمەوە و بخۆم، تەنانەت نەمتوانی پێداویستیەکانم بە بێ یارمەتی کەسی دیکە چارەسەربکەم.
ئەوکات حەسەن کاچار بەهۆی سەختیی نەخۆشییەکەیەوە بووە ڕۆژەڤێکی گەورە لە تورکیا و باکووری کوردستان، چەندین چالاکیی ئەنجامدران بۆ ئەوەی کاچار لە زیندان دەربهێندرێت و چارەسەری بۆ بکرێت، خۆی لەسەر ئەو قۆناغە دەڵێت: منیان نەدەبرد بۆ نەخۆشخانە و چارەسەریان بۆ نەدەکردم، بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ بوارێکم بۆ ژیان نەمابوو، منیان گواستەوە بۆ پزیشکی دادوەریی ئەستەنبوڵ و دواتر بردمیان بۆ نەخۆشخانەی جەڕاح پاشا، لە ژێرزەمینی نەخۆشخانەکە زیندانێکی بچووکیان بۆ من دروستکرد، سێ مانگ لەو زیندانەدا چارەسەرم بۆ کرا.
ساڵی ٢٠١٣ دەوڵەتی تورک شاندی دەناردە لای ڕێبەر ئۆجالان و دیدار لە ئیمرالیی سازدەکران، ڕێبەر ئۆجالانیش ئازادکردنی زیندانیانی نەخۆشی دەکردە مەرجی پێشوەختەی دانووستان، حەسەن کاچاریش یەکێک بووە لەوانەی دەوڵەت ئازادی دەکات، بەشێوەیەک دەیپێچن لە بەتانین و بەبێ ئاگادارکردنەوەی خانەوادەکەی لەبەردەم نەخۆشخانەکەدا دایدەنێن.
کاچار لەسەر ئەو بابەتە دەڵێت: بەهاوکاری ئەو کەسانەی لەوێوە تێپەڕدەبوون توانیم خۆم بگەیەنمە خانەوادەکەم، سەرەتا گواستمیانەوە بۆ ماڵەوە و دواتر گەڕاندمیانەوە بۆ نەخۆشخانە، دواتر هەرچۆن بێت هەندێک هەستامەوە و ڕۆشتم بۆ جولەمێرگ بۆلای خێزانەکەم.
دواتر لە ساڵی ٢٠١٥ دەوڵەتی تورک هەوڵدەدات کاچار دەستگیربکات، بەڵام بەرلەوەی دەستگیربکرێت خۆی دەگەیەنێتە باشووری کوردستان و لە هەولێر نیشتەجێ دەبێت، بەڵام لەسایەی دەسەڵاتی پەدەکەوە، هەولێریش نابێتە لانەیەکی ئارام بۆ حەسەن و خێزانەکەی.
لەماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا کاچار چەندین جار ڕووبەڕووی داوای پاراستنی پارتی دەبێتەوە، بۆ ئەوەی کار بۆ میتی تورک بکات و هەوڵیانداوە لە هەدەپە دووری بخەنەوە، بەڵام ئەو نەچووەتە ژێرباری داواکارییەکانیانەوە. خۆی دەڵێت: لەو ڕۆژەوەی هەنگاوی یەکەمم ناوەتە هەولێر تائێستا ئەم ساتە فشار و هەڕەشەی پەدەکەم لەسەرە، دەیان جار بانگیان کردووم و پێان وتووم نابێ بڕۆیت بۆ هەدەپە.
ئەمساڵ پەنابەرێکی کامپی مەخمور لە زیندانی ئاسایشی پەدەکە گیانی لەدەستدا، حەسەن کاچاریش دەچێت تەرمەکەی وەربگرێتەوە، لەوێ بە ئاسایش دەڵێت ئێوە مەتین-تان کوشتووە، ئەگەر وانییە بۆ ٧٥ ڕۆژە مردنەکەیتان شاردووەتەوە، لەدوای ئەو قسەیەوە کاچار دووچاری فشاری زۆری ئاسایشی پەدەکە دەبێتەوە، ئەو دەڵێت: هەوڵیاندا نووسراوێک بە هاوسەرەکەی مەتین ئادووگیت ئیمزا بکەن، کە مەتین بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە گیانی لەدەستداوە، بەڵام من دژی ئەوە وەستامەوە و نەمهێشت واژۆی بکات، دواتر بەهۆی ئەو هەڵوێستەوە دووچار فشاری پاراستن بوومەوە.
ڕۆژی ٢٣ی ١١ی ٢٠٢١ ئاسایشی پەدەکە حەسەن کاچار و هاوسەر و هەردوو منداڵەکەی بەزۆر شاربەدەر دەکات، حەسەن چیرۆکی شاربەدەرکردنەکەی بەمشێوە دەگێڕێتەوە: ئەو ڕۆژە ئێمەیان بانگکرد خێرا بچین بۆ بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان، بەڵام فێڵیان لێکردین، دوای ئەوەی گەیشتینە پاسپۆرت خستینیانە ئۆتۆمبێلێکی ڕەش کە شۆفێرەکەی تورک بوو و خستینیانە ئەودیوی بازگەی دێگەڵە و پێیان وتم ‘ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ مێشکت دەهەژێنین و چاوت دەردەهێنین”.
لەڕۆژی ٢٤ی مانگەوە حەسەن کاچار لەسەر ئەو زوڵمەی بەرامبەری کراوە چووەتە بەردەم دەرگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی بەڵام تاوەکو ئێستاش نوێنەرایەتیی سلێمانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەڵامی داواکارییەکانی کاچاریان نەداوەتەوە، بەپێچەوانەوە لەسەر سکاڵای نوێنەرایەتیی سلێمانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش حەسەن کاچار لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە شەو و ڕۆژێک دەستبەسەرکرا.
حەسەن کاچار ڕایدەگەیەنێت، کە هەتا وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەفەرمیی وەڵامی نەداتەو لەسەر “ئەو زوڵمەی کە بەرامبەرم کراوە” واز لە هەوڵەکانی ناهێنێت، هاوشێوەی ئەو وتەیەی مارتن لۆتەریش کە دەڵێت ‘ئەوەی من دەکوژێت بێدەنگیی باشەکانە نەک فشاری خراپەکان’ کاچار دەڵێت: ئەوەی دەسەڵات بەرامبەرمان دەکات بۆ ئێمە سەیر نییە، چونکە ئەوان هاوپەیمانی دوژمنن، بەڵام ئەوەی ئێمە ئازار دەدات، بێدەنگیی خەڵکە، ئێمە برای یەکین، کوردین و خاوەنی ئەم خاکەین، بێدەنگ مەبن بەرامبەر ئەو زوڵمەی لە ئێمە دەکرێت.
ب.ل