حەلبووسی لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان و نێچیرڤان و مەسعود بارزانی کۆبووەوە

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق،لە هەولێر بەجیا لەگەڵ هەریەک لە دەستەی سەرۆکایەتی په‌رله‌مانی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، و مه‌سعود بارزانی کۆبوەوە.


بەیانی ئەمڕۆ محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە گەیشتە شاری هەولێر و له‌لایه‌ن ڕێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لێكرا.

دوای گەیشتنی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، هەر لە فڕۆکەخانە لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی په‌رله‌مانی هەرێمی كوردستان کۆبووە، دوای ئەوەش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی کۆبوەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، حه‌لبووسی لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختیان لە پاراستنی ئارامیی سیاسی و سەقامگیریی ئەمنیی عێراق و گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا کردەوەتەوە.

هەروەها گفتوگۆیان لەبارەی کاری پەرلەمانی، یاسادانان، بابەتی بودجەی گشتیی ساڵی داهاتووی عێراق و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی شوێنە زیانبەرکەوتووەکانی شەڕی تیرۆر کردووە، لەگەڵ تاوتوێکردنی دۆخی ئاوارە عێراقییەکان لە کامپەکانی هەرێمی کوردستان و چەند تەوەریکی دیکەش لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لە بارەوە کراوە.

 بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، لەگەڵ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و دواتر بچێته‌ پارێزگای دهۆك و به‌شداریی چه‌ند چالاكییه‌ك بكات.

ک.س