خالد شوانی: سبەینێ شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا ڕایگەیاند، کە سبەینێ شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات و لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٠ لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کۆدەبێتەوە، بەڵام نازانێت کە ئاخۆ سبەینێ ڕێککەوتنی بەغدا و هەولێر واژۆدەکرێت یاخود نا.


خالد شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا، لەبارەی ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەبارەی پرسەکانی نەوت و بودجە، قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد.

شوانی ئەوەی خستەڕوو، کە سبەینێ شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات و سەبارەت بە پرۆژە یاسای بودجە لەگەڵ وەزارەتی دارایی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دیکە کۆدەبنەوە.

بەوتەی خالد شوانی، شاندی حکومەتی هەرێم هەمان شاندی پێشوو دەبێت، لەگەڵ وەزارەتەکانی دارایی، پلاندانان و نەوت کۆدەبنەوە، بەڵام دیارنییە کە ئاخۆ سبەینێ ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا واژۆ دەکرێت یاخود نا.

خالد شوانی دەشڵێت: دابینکردنی مووچە و بودجەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتییەکی دەستوورییە و ئەرکی هەرکەسێکە کە دوای عادل عەبدولمەهدیش بێتە سەر حوکم دابینی بکات.

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا هیواش دەخوازێت، کە ئەو لێکتێگەیشتنەی لەماوەی ڕابردوودا لەگەڵ حکومەتی عێراق پێی گەشتوون، لە کۆبوونەوەی سبەینێ و ڕۆژانی داهاتوو بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.

ئەم وتانەی خالید شوانی، وەزیری هەرێم، لە کاتێکدایە، کە بڕیاربوو سبەینێ یەکشەممە ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت و بودجە واژۆبکرێت، چەند ڕۆژێک پێشتر ڕاگەیەندرا، کە حکومەتی هەرێم ئامادەیی دەربڕیوە کە ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات و لەبەرامبەردا بەغدا بەشەبودجەی ١٢.٦٧٪ بۆ هەرێم بنێرێت.

د.ع