خانەقین، بۆ داخستنی خاڵی سنووری مونزریە خۆپیشاندان ئەنجامدرا

وەک دەربڕینی ناڕەزایەتیەک دژ بە دانەخستنی خاڵی سنووری نێودەوڵەتی مونزرییە، هاوڵاتیانی خانەقین خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و ڕێگای خاڵە سنووریەکەیان داخست.


دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە شارۆچکەی خانەقینی سەربە پارێزگای دیالە، خۆپیشاندانێک دژ بە دانەخستنی خاڵی سنووری مونزرییە بەڕێوەچوو و تا ئێستاش بەردەوامە.

سەلام عەبدوڵا، وەک یەکێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە، بۆ ڕۆژنیوز وتی: لەبەر مەترسی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کورۆنا، سەرجەم خاڵە سنورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران و عێراقیش داخراوە، بەڵام لە مونزرییە هاتووچۆ ئاسایی بوو، لە ئێرانەوە خەڵک دەهاتەوە خانەقین و لەوێشەوە بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بۆیە ئێمەش ئەم کارەمان بە مەترسی زانیو بڕیاری ئەوەماندا خۆپیشاندان ئەنجامبدەین و ڕێگای هاتووچۆی مەرزی مونزریەمان بۆ خانەقین داخست .

نابراو، باسی لەوەشکرد، کە بەرپرسی خاڵی سنووری مونزرییە چووەتە لایان و پێی وتوون، کە جموجۆڵی بازرگانی و هاتنی هاوڵاتیانی ئێران بۆ عێراق بەهەموو شێوەیەک ڕاگیراوە، ڕێگا تەنها بەو هاوڵاتیانە دەدرێت کە عێراقین و دەگەڕینەوە بۆ هەرێمی کوردستان وعێراق، ئەگەر هەر هاوڵاتیەک پلەی گەرمی لە سەرووی ۳٨ پلەوە بێت ڕایدەگرین و ڕێگای پێی نادەین بێتە ناو خاکی عێراق و هەرێم، هەروەها بەڵێنی پێداون داواکاریی خۆپیشاندەران بۆ داخستنی خاڵە سنووریەکە دەگەیەنێتە حکومەتی عێراق.

د.ع