خانەقین، لەنێوان دانیشتوانی گوندێک و چەتەکانی داعشدا شەڕ ڕوویدا

چەتەکانی داعش گوندێکی سنووری شارۆچکەی خانەقینیان بۆردوومان کرد و دانیشتوانی گوندەکەش ڕووبەڕوویان بوونەوە و شەڕ و پێکدادان هەتا ئێستا بەردەوامە.


ئەمشەو ، لە گوندی ئوم حونتەی سەر بە شارەدێی گۆڵاڵەی سەر بە شارۆچکەی خانەقین لەنێوان چەتەکانی داعش و دانیشتوانی گوندەکە شەڕ ڕوویداوە.

شەماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕیوەبەری ئاسایشی شارەدێی کوکس، بە ڕۆژنیوزی وت: چەتەکانی داعش لەنێو باخەکانی سنووری دێیەکەوە، سێ گولـلە هاوەنیان ئاراستەی ناو گوندەکە کردووە و دواتر بە قەناس هێرشیان کردووە و دانیشتوانی گوندەکەش وەڵامی چەتەکانیان داوەتەوە و تا ئێستا شەڕ بەردەوامە.

وتیشی: چەتەکانی داعش ئاگریان لە دەغڵودانی گوندەکە بەرداوە و ڕێگا نادەن کەس بچێت بیکوژێنیتەوە، تا ئێستا زیانەکانی شەڕوپێکدادانەکە نەزاندراوە.

د.ع