خانەقین، ژن و پیاوێک کوژران

لە شارۆچکەی خانەقین-ی سەر بە پارێزگای دیالە ژن و پیاوێک کوژران، کە هاوسەری یەکتر بوون.


شەوی ڕابردوو لە گوندی حسێن مەمە-ی سەر بە شارۆچکەی خانەقین لە پارێزگای دیالە بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقییەوە و لە ئەنجامدا ژنێک و هاوسەرەکەی، کە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون کوژران.

ئەو ژن و پیاوە کوردن و دانیشتووی شارۆچکەی خانەقین-ن.

سەلان ئەسعەد، بەڕێوبەری بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی خانەقین، زانیارییەکانی پشتڕاستکردەوە و بە ڕۆژ نیوزی وت: کاتژمێر ١٢ی شەو تەرمی ئەو دوو هاوڵاتییە گەیەندرانە نەخۆشخانەکەمان.

ڕۆژنیوز بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر چەندین جار پەیوەندیی کرد بە (عەقید دیار شەوکەت)، بەڕێوبەری پۆلیسی خانەقین، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.

لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و کۆنترۆڵکردنەوەی شارۆچکەکە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە، ڕووداوە تیرۆستییەکان بە رێژەیەکی زۆر زیادیکردووە.

 

ش.ف/ئـ