ئەمڕۆ بەشێک لە خانەوادەى شەهیدانى ڕۆژئاوا لە باشووری کوردستان لە شارۆچکەى ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین لە دژی ھێرشەکانى دەوڵەتی داگیرکەرى تورک بۆسەر ڕۆژئاواى کوردستان گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، داوا دەکەین کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دژى هێرشەکان هەڵوێستیان هەبێت.
لەوبارەوە، جانێ عەزیز، بەناوى خانەوادەى شەهیدانى ڕۆژئاوا لە باشورى کوردستان بەیاننامەیەکى خوێندەوە و تێیدا ئاماژەى بەوەکرد، تورکیا ئەو کردەوە تیرۆرستیەی، کە خۆی لە ئەستەنبوڵ ئەنجامیدا دەخاتە ئەستۆى ھێزە کوردییەکان و بەو بیانوەوە دەیەوێت ڕەوایەتی بە ھێرشەکانی بۆ سەر گەلی کورد بدات.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەوڵەتى تورک بەشێوەیەکی وەحشیگەرانە ھێرشی کردووەتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و بەھۆیەوە ژمارەیەک لە ڕۆڵەی گەلەکەمان شەھید و بریندار بوون .
لە کۆتایدا داواى لە گەلی کورد و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، کە بە ئەرکی خۆیان ھەڵبستن و پێش لەو ھێرشە وەحشیگەرانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بگرن .
ئ.م