خانەوادەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی ئیمرالیی، سەردانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیان کرد لە تورکیا و سەرۆکی ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤیش جەختدەکاتەوە: نابێت هیچ سزایەک ببێتە بەربەست لەبەردەم ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ زیندانیانی ئیمرالیی.
ئەمڕۆ خانەوادەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی ئیمرالیی، سەردانی هەریەک لە ڕێکخراوەکانی وەقفی مافی مرۆڤی تورکیا، کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵەی مافناسانی ئازادییان کرد، کە سەرجەمیان ئەندامن لە کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا.
عومەر ئۆجالان، برازای ڕێبەری گەلی کورد و پەرلەمانتاری هەدەپە لەبارەی سەردانەکەوە ڕایگەیاندووە: خەڵک بەوردیی چاودێریی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دەکات لە ئیمرالیی، بەڵام هیچ کەسێک وەڵامی داواکارییەکانمان ناداتەوە، ئێمە وەک خانەوادەی زیندانیانی ئیمرالیی دەمانەوێت مافە یاساییەکانمان بەدەستبهێنین.
هاوکات مەتین بەکلاجی، سەرۆکی وەقفی مافی مرۆڤی تورکیاش جەختیکردەوە، نابێت هیچ سزایەک ببێتە بەربەست لەبەردەم ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ زیندانیانی ئیمرالیی و “پێویستە ئەو کێشەیە چارەسەربکرێت”.
هاوسەرۆکانی هەریەک لە کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵەی مافناسانی ئازادییش جەختیانکردەوە، کە هەوڵەکانیان لەبواری یاساییەوە بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ زیندانییکراوانی ئیمرالیی بەردەوامدەبێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، ڕۆژی ٢٩ی ئەم مانگە نووسینگەی پارێزەرانی سەدە ئاشکرایکرد، دوو سزای نوێ بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان-دا سەپێندراوە و سزای یەکەم مانگی ئابی ئەمساڵ بووە، کە تێیدا بۆ ماوەی سێ مانگ ڕێبەر ئۆجالان بێبەشکراوە لە دیدار، سزای دووەمیش لە ١٢ی ١٠ی ٢٠٢١ دەرکراوە تێیدا بۆماوەی شەش مانگ ئەنجامدانی دیدار لە ڕێبەری گەلی کورد قەدەغەکراوە.
ب.ل