کەسوکاری ڕێبەر ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی ئیمراڵی بە گومانن لە ژیانی ئیمراڵی و دوای ئاستەنگی و ڕێگرییەکی زۆر خۆیان گەیاندە پەرلەمانی تورکیا.
ئەمڕۆ لە پەرلەمانی تورکیا، عومەر ئۆجالان و کەسوکار و بەشێک لە پارێزەرانی زیندانیانی ئیمراڵی، کۆبوونەوە و لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییان دا و ڕایانگەیاند، گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکە بەردەوامی هەیە و ئاگاداری ژیانی زیندانیان نین، ئەمەش وایکردوە، گومانیان لا دروست ببێت.
عومەر ئۆجالان ئەندامی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا وتی: ئەمڕۆ کەسوکاری زیندانیانی ئیمراڵی دوای ئاستەنگیی و ڕێگرییەکی زۆر، توانیان بەربەستەکان تێک بشکێنن و بگەنە ناو پەرلەمان، لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢١ وە نەمان توانیوە بە هیچ شێوەیەک زانیاری لە سەر ژیانی بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان و عومەر خەیری کۆنار و ڤێسار ئاکتاش و حەمەیلی یڵدرم، کە لە زیندانی ئیمراڵیدان وەربگرین، دواین جار کە پەیوەندی تەلەفۆنییان لەگەڵ کەسوکاریان ئەنجامدا، زۆر بە کورتیی قسەیان کرد و تەلەفۆنەکە داخرایەوە، بۆیە هیچ زانیارییەکمان لەسەر دۆخی ئەوان نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەرێز ئۆجالان لوە پەیوەندیە تەلەفۆنییە کورتەدا، رایگەیاندووە، کە ئەو گۆشەگیرکردنە قبوڵکراو نییە و دژی مافی مرۆڤ و یاسایە، بۆیە دەیەوێت مافی یاسایی خۆی وەربگرێت و پارێزەرەکانی ببینێت.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی هەدەپە ئەوەشی ڕاگەیاند، کە پچڕانی پەیوەندییەکان، ترسی زیاتری لەلا دروستکردوون سەبارەت بە ژیانی زیندانییانی ئیمرالی.
عومەر ئۆجالان، وتیشی: هەمیشە بەرێز ئۆجالان هەوڵی ئاشتیی و چارەسەری دیموکراتیی داوە، هەر لەبەر ئەوە گۆشەگیرکردنی بەڕێز ئۆجالان، گۆشەگیرییە لەسەر دەرفەتی ئاشتیی و چارەسەری دیموکراتیی.
لە کۆتاییشدا ڕایگەیاند، کە ئەوان دەیانەوێت کۆتایی بە پێشێلکارییەکان بهێندرێت و زیندانیانی ئیمراڵی مافە یاساییەکانیان بەکاربێنن، بانگەوازییشیان لە ڕێکخراوە پەیوەندییدارەکان کرد، بەرپرسیاریی خۆیان بەجێبێنن.
ش.ف