خانەوادەی شەهیدان: پێویستە نێچیرڤان هاوکاریی دووژمن نەکات

خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە ڕەخنەی توند لە لێدوانەکەی نێچیرڤان بارزانی دەگرن و دەڵێن:"هەر کەس و لایەنێکی پەکەکە بە داگیرکەر ناوببات خیانەتکارە، پێویستە نێچیرڤان بارزانیش خاوەن هەڵوێست بێت لەدژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک، نەک هاوکاریی دوژمنان بکات".


ناڕەزاییەکان لەبەرامبەر لێدوانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە پەکەکەی بە "داگیرکەر" ناوبرد بەردەوامیی هەیە و خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە-ش لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان لەڕێگای ڕۆژنیوزەوە ناڕەزایی خۆیان دەهێننە زمان.  

مهاباد نادر، دایکی شەهید بۆتان گەرمیانی و کچە گەریلا تێکۆشین گەرمیانی بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد و وتی:"پەکەکە بووەتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی هەرچوار بەشی کوردستان، ئەگەر پەکەکە نەبوایە هەرزوو دووژمن جڵک و جەواڵیان فڕێ دەداین لەسەر خاکی خۆمان".

مهاباد، وتیشی:"نێچیرڤان بارزانی و هەر کەس و لایەنێکی تر پەکەکە بە داگیرکەر ناوببات خیانەتکارە، نێچیرڤان بەم وتارانە پارە وەردەگرێت و درێژە بە بازرگانییەکانی دەدات لەگەڵ تورکیا، ئیرادەی لەدەستی خۆی نییە و مانەوەی بەندە بە خزمەتکردنی دووژمنەوە".

ئەو دایکە وتیشی:"گەریلا بە سکی برسی و بە دەستێک جلی کوردی و چەکێکەوە، بە ئیرادەیەکی بەرزەوە خوێنی خۆی دەڕژێنێت لەپێناو ئازادی و پاراستنی نیشتمان، پێویستە هەموو سەرکردە و  پارت و هێزە کوردییەکانی تر چاو لە گەریلا بکەن و لەبری خزمەتکردن بە پیلانەکانی دوژمن هەڵوێست وەرگرن و بە یەکگرتوویی شان بە شانی پەکەکە لەدژی داگیرکاریی بوەستنەوە".

هەروەها، ئامینە حەسەن، دایکی شەهید دەرسیم گەرمیانی وتی:"کوڕی من و هەزاران کوڕ و کچی تری ئەم گەلە لە ڕێگای شۆڕشی پەکەکەوە، بەبێ گوێدان بە جیاوازیی و سنور خوێنی خۆیان ڕشتوە لەپێناو ڕزگاریی ئەم خاک و گەلە، نیشتمان بۆ ئێمە مانای دایک و شەرەفە، بۆیە ئەگەر پەکەکە داگیرکەربێت تەواوی گەلی کورد داگیرکەرە".

ئامینە، وەک دایکی شەهیدێک ڕەخنەی لەو لێدوانەی نێچیرڤان بارزانی گرت و وتی:"پێی دەڵێم دۆستی وەکو ئەومان هەبێت دوژمنمان ناوێت، ئامانجی تورکیا توانەوەی تەواوی گەلی کوردە نەک تەنیا پەکەکە، بۆیە پێویسته یەک هەڵوێست و یەکگرتووبین دژی داگیرکاری و خیانەت".

عەبدولقادر محەمەد، باوکی شەهید باز گەرمیانی وتی:"کوردی هەر چواربەشی کوردستان یەکن و پەکەکەش لە گەلی کورد پێکدێت و لەسەر خاکی خۆیەتی، ئەوە تورکیایە هەوڵی داگیرکرنی کوردستان دەدات و هێرش دەکاتە سەر پەکەکە".

عەبدولقادر، وتیشی:"هەر کودێک خاوەن شەرەف و غیرەت بێت دەزانێت پەکەکە داگیرکەر نییە، بەڵکو تورکیا داگیرکەرە پێویستە نێچیرڤان بارزانیش ئەو ڕاستیانە بڵێت و خاوەن هەڵوێست بێت لەدژی ئەم داگیرکارییە، نەک هاوکاریی دوژمنان بکات، چونکە ئەمە دژی یەکگرتوویی گەلەکەمانە".

ڕۆژی چواری ئەم مانگە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، نێچیرڤان بارزانی، لەوەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە داگیرکاریی و هێرشی دەوڵەتی تورک بۆسەر قەندیل، وتی:"پەکەکە بەشێکی زۆری مەناتیقی هەرێمی کوردستانی داگیرکردووە و بەکاری دەهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر تورکیا، ئێمە دژی ئەوەین، هەر ئۆپۆزسیۆنێک خاکی هەرێمی کوردستان بەکاربێنێت چ دژی ئێران چ دژی تورکیا".

ش.ف/ب