خاوەن کارگەکان: شیرەمەنی هەرێم و تەواوی عێراقمان پێ دابیندەکرێت

خاوەن کارگەکانی شیرەمەنیی لە پارێزگای سلێمانی، داوای ڕاگرتنی هاوردەکردنی بەرهەمی شیرەمەنیی دەرەکیی دەکەن، ڕاشیدەگەیەنن، کە کارگەکانیان دەتوانن پێداویستیی ناوخۆیی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بۆ شیرەمەنیی پڕبکەنەوە.


ئەمڕۆ، ژمارەیەک لە خاوەن کارگەکانی شیرەمەنیی لە پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ سەرۆکی ژووری بارزگانیی و پیشەسازیی سلێمانی کۆبوونەوە و گازندەکانی خۆیان لە بەرامبەر هاوردەکردنی شیرەمەنیی دەرەکیی گەیاندە ژوورەکە.

دوای کۆبوونەوەکەش، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بارزگانیی و پیشەسازیی سلێمانی، ئاماژەی بەوەکرد، کە گرفتی باڵابوونی بەرهەمی دەرەکیی بەسەر بەرهەمی ناوخۆییدا تەنها لە پارێزگای سلێمانی نییە، بەڵکو پارێزگاکانی دیکەی عێراق و هەرێمیشی گرتووەتەوە و، وتی: پێویستە ئەو یاسانەی کە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەرکراون و پشتگیریی لە بەرهەمی ناوخۆیی دەکەن، بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەوەی بتوانین هەلی کاریش بۆ گەنجان دابین بکەین.

جەختیشیکردەوە: پێویستە هەرێمی کوردستانیش پابەند بێت بەو یاسایەی کە حکومەتی عێراق دەریکردووە، بۆ قەدەغەکردنی شیرمەنیی بۆ سێ مانگ، تا ئەم کارگانە بتوانن بکەونە سەر پێی خۆیان و بتوانن بەرهەمەکانیان بخەنە بازاڕەوە.

دواتر، خالید حاجی عەلی، خاوەنی کۆمپانیای چیاو بۆ بەرهەمهێنانی شیرەمەنیی، بە نوێنەرایەتیی خاوەن کۆمپانیاکانی شیرمەنیی، قسەیکرد و، وتی: کەس پشتیگریی بەرهەمەکانمان ناکات، بەڕادەیەک کە کارگەکانمان بەرەو داخستن دەڕوات، چەندین کارگە هەیە کە داخراوە، بۆیە داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین، کە ماددەی ٦٠ لە پەرلەمانی عێراق جێبەجێ بکات، کە تایبەتە بە قەدەغەکردنی بەرهەمە شیرەمەنییەکان، ئەگەریش قەدەغە ناکرێت، باجێکی وای بخرێتە سەر کە کارگە ناوخۆییەکان بتوانن بە باشیی کارەکانی خۆیان بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد کە کۆمپانیاکانی ئەوان دەتوانێت پێداویستیی ناوخۆیی پڕبکاتەوە و وتی: کۆمپانیاکانمان دەتوانێت پێداویستیی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان پڕبکاتەوە، تەنانەت توانای هەناردەکردنیشمان هەیە بۆ دەرەوە، بەڵام ئەو بەرهەمانە کە هاوردە دەکرێن، ئێمە ناتوانین کار بکەن، حکومەتی هەرێمیش پشتگیرییمان ناکات.

ئەمە لەکاتێکدایە، ڕۆژی ٤ی نیسانیش ژمارەیەک لە کرێکارانی کەرتی تایبەت، لە دژی پشتگوێخستنی بەرهەمە ناوخۆییەکان و گرنگیدان بە بەرهەمی دەرەکی، بە دروشمی 'نا بۆ بەرهەمی بێگانە'، گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان لە شاری سلێمانی ئەنجامدا.

س.ح