هاوڕێ و هونه‌ر
به‌شێك له‌هاوڵاتیانی كوردی شارۆچكه‌ی خورماتوو، ڕەخنەی ئه‌وه دەگرن کە له‌گه‌ڕه‌كه‌كانیاندا، پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری جێبه‌جێناكرێت و جیاوازی ده‌كرێت له‌نێوان گەڕەکە کورد نشینەکان له‌گه‌ڵ گه‌ڕه‌كه عه‌ره‌ب و توركماننشینه‌كان، سه‌رۆكی شاره‌وانیش بوونی جیاوازی لەنێوان گەڕەکەکان ڕەتدەکاتەوە و ده‌ڵێت: چه‌ند ساڵه خورماتوو په‌راوێزخراوە و هه‌موو گه‌ڕه‌كه‌كانی وه‌ك یه‌ك پێویستیان به پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری هه‌یه.
شارۆچكه‌ی خورماتووی سه‌ر به پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، له ١١ گه‌ڕه‌ك پێكدێت و، ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی نزیكه‌ی ٣٠٠ هه‌زار كه‌سە و جگە لەسەردەمی ڕژێمی بەعس و ئەو تەعریبەی ڕووبەڕووی بووەتەوە لەو سەردەمەدا، شارۆچكه‌كه لەچەند ساڵی ڕابردووش‌دا به چه‌ند دۆخێكی ئاڵۆز و ئه‌منی ناله‌باردا تێپه‌ڕیووه، ئێستاش بەدەست چەندین پرسی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنێت، هاوڵاتیان و سه‌رۆكی شاره‌وانی خورماتوو له‌سه‌ر كێشه و گرفته‌خزمەتگوزارییەکانی خورماتوو بۆ ڕۆژنیوز ده‌وێن .
عو‌مه‌ر عه‌لی، هاوڵاتی لەسەرەتای قسەکانیدا باسی لەوەکرد کە “تا ئێستا كێشه‌ی ئاوه‌ڕۆ و ئاوی خواردنه‌وه و دروستكردنی پارك و ته‌واونه‌كردنی قیرتاوكردنی گه‌ڕه‌كه‌كان هه‌یه، ئێمه وه‌ك كورد له دوای ڕووداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر كه‌س نیه داكۆكیمان لێ بكات له پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین و حكومه‌تی خۆجێی شارۆچكه‌كه و خزمه‌تگوزاریی بۆ گه‌ڕه‌كه‌كانمان به‌رده‌ست بخات عه‌ره‌ب و توركمان نوێنه‌ریان هه‌یه و كاریان بۆ ده‌كات”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، تا ئێستا له‌گه‌ڕه‌كه كوردییه‌كان، جگه له‌نه‌بوونی پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی، بنكه‌ی به‌رگری شارستانی و پۆلیس نیه، ماڵێك ئاگر بگرێت تا به‌رگری شارستانی دێت هه‌مووی ده‌سوتێت و ئاسه‌واری نامێنێت، چونكه ئه‌و بنكه‌یه‌ی هه‌یه له ئێمه‌وه دووره، ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی هه‌یه و دروست ده‌كرێت، ته‌نها شه‌قامه و ئه‌ویش ڕاگیراوه.
هۆزان جاسم، هاوڵاتییەکی دیکەی شارۆچکەکەیە و دەربارەی گرفتەکانیان وتی: تا ئێستا شه‌قامه‌كانی نێوگه‌ڕه‌كه كوردییه‌كان، چاڵ و چۆڵی گه‌وره‌ی تێدایه و ئاوه‌ڕۆی نیه و بێ خزمه‌تگوزارییه، پرۆژه له لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه جێبه‌جێی ده‌كرێت به‌ڵام لێره زیاتر بۆ گه‌ڕه‌كه‌كانی توركمان و عه‌ره‌ب دەکرێت.

وتیشی: كه‌مته‌رخه‌می به‌رامبه‌ر به‌هاوڵاتیانی كورد هه‌یه له‌شارۆچكه‌كه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی شارۆچكه‌كه‌وه، وه‌ك پێویست خزمه‌تگوزاریی بۆ گه‌ڕه‌كه كوردنشیینه‌كان ناكرێت.
لای خۆشیەوە مه‌رعی ڕه‌شید، سه‌رۆكی شاره‌وانی خورماتوو، دەربارەی کەموکورتییە خزمەتگوزارییەکان وتی: كێشه‌ی سه‌ره‌كی خورماتوو خراپی و نه‌بوونی ئاوه‌ڕۆیه و كه‌می بودجه‌یه، كۆمپانیایه‌كی توركی له ساڵی ٢٠١٢ كاری چاككردنه‌وه‌ی ئاوه‌ڕۆی خورماتووی له ئه‌ستۆ گرتووه، تا ئێستا ٨ ساڵه به‌هۆی پێنه‌دانی پاره‌وه له لایه‌ن حكومه‌ته‌وه پرۆژه‌كه وه‌ستاوه و كاری تێدا ناكرێت و بووه‌ته كێشه له‌به‌رده‌م سه‌رجه‌م پرۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان له شارۆچكه‌كەدا.
وتیشی: له ساڵی ٢٠١٨ه‌وه تا ئێستا، پرۆژه‌یه‌كی قیرتاوكردن بۆ گه‌ڕه‌كه‌كانی كۆماری و جه‌میله و پشت سایلۆكه ده‌رچووه و ١٥٪ی كاره‌كانی ته‌واو بووه، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی بودجه‌ی ته‌واوه كه له‌لایه‌ن پارێزگای سه‌ڵاحه‌دینه‌وه دابین نه‌كراوه، په‌كی كه‌وتووه و كاری تێدا ناكرێت، له‌گه‌ڕه‌كی ئیمام ئه‌حمه‌د و حه‌ی ته‌یاریش پرۆژه‌یه‌كی قیرتاوكردن كه ٨٠٪ی ته‌واو بووه ڕاگیراوه به‌هۆی نه‌بوونی بودجه‌وه، ئەوەشی وت کە له ئێستاشدا چوار گه‌ڕه‌ك شۆسته بۆ شه‌قامه‌كانی دروستكراوه، له پرۆژه‌ی بونیادنانه‌وه‌ی بینا كه تایبه‌ته به وه‌زاره‌تی شاره‌وانی، بڕیاردراوه كۆی گه‌ڕه‌كه‌كانی خورماتوو له ساڵی ٢٠٢١ شۆسته‌كانی ته‌واو بكرێت.
سه‌رۆكی شاره‌وانی، ئاماژەی بەوەشدا، شاره‌وانی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین مانگانه بڕی ٣٥ ملیۆن دینار ته‌رخان ده‌كات بۆ پاككردنه‌وه‌ی ناوشارۆچكه‌كه، به‌هۆی كه‌می ئامێری پاككردنه‌وه كه دوو شۆفڵ و حه‌وت بارهه‌ڵگری هه‌یه، كێشه‌ی بۆ دروستكردووین، هه‌رچه‌نده پلان و نه‌خشه‌مان داناوه به‌ڵام به‌هۆی پابه‌ند نه‌بوونی هاوڵاتیانه‌وه به‌كاتی كاركردنی ئێمه، به‌رده‌وام كێشه‌مان بۆ دروست ده‌بێت، ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان پابه‌ندببن به‌كاتی دیاریكراوه‌وه ئه‌وه هیچ گرفتێك نایه‌ته ڕێگامان و ده‌توانین خورماتوو به پێی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی دامان ناوه پاكی بكه‌ینه‌وه.
سه‌رۆكی شاره‌وانی خورماتوو ڕەتیشیکردەوە، جیاوازی بكرێت لە نێوان گەڕەکەکاندا و وتی: ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌موو گه‌ڕه‌كه‌كانی خورماتوو وه‌ك یه‌ك پێویستیان به پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری هه‌یه، چه‌ند ساڵه په‌راوێزخراون و كاریان بۆ نه‌كراوه، وه هیچ جیاوازییه‌ك ناكه‌م له نێوان هاوڵاتیانی كورد و عه‌ره‌ب و توركمان، هه‌مووی وه‌ك یه‌ك كاری بۆ ده‌كه‌م، ئه‌و هاوڵاتیانه‌شی باسی جیاوازی ده‌كه‌ن ستەم ده‌كه‌ن.
ک.س