خوێندكارانی پۆلی ١٢ داوای قەرەبوو دەكەنەوە

خوێندکارانی پۆلی ١٢ ناڕەزایی نیشان دەدەن لەبەرامبەر ئەو هەڵانەی، کە لە پرسیارەکانی کۆتایی ساڵدا هەبوون و بە چەند شێواز داوای قەرەبوو دەکەنەوە.


دوای ئەوەی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەفەرمی هەندێک هەڵەی لە پرسیارەكانی چەند وانەیەکی هەردوو بەشی وێژەیی و زانستیی ڕاگەیاند لەتاقیكردنەوەی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە كۆتایی ساڵدا، ئەمڕۆ لە هەریەک لە هەولێر، کەلار و سلێمانی خوێندکارانی ئەو قۆناغە گردبوونەوە و ناڕەزاییان نیشاندا.

خوێندکارانی هەولێر چوونە بەردەم پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، خویندکارانی کەلار لەبەردەم بەڕێوبەرایەتیی پەروەردە و خوێندکارانی سلێمانی-ش لەبەردەم بینای پەروەردەی ڕۆژئاوا گردبوونەوە و بەشێک لە کەسوکاری خوێندکارانیش ئامادەی ناڕەزایەتییەکان بوون.

خۆێندکاران درووشمی'چیتر خوێندکاران نابنە نێچیری زانکۆ و پەیمانگا ئەهلییەکان' یان بەرزکردەوە و چەند داواکارییەکیان خستەڕوو، کە بریتین لە:

-چاککردن و پێداوچوونەوەی هەڵەکانی  وانەی زمانی و کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی و جوگرافیا لە پرسیارەکاندا و وەرگرتنی ئیعترازی خوێندکاران.

-دووبارەکردنەوەی تاقیکردنەوە لەو وانانەی، کە پرسیارەکان هەڵی تێدابووە.

- قەرەبووکردنەوەی تاقیکردنەوەی وانەی بیرکاریی، کە کاغەزی مسۆدە (تیانووس) نەدراوە بە خوێندکاران بۆ ئەوەی خوێندکاران شیکاری پرسیارەکانی تێدا بکەن پێش ئەوەی بخرێتەسەر دەفتەری وەڵامەکان.

-جیاوانی نێوان خولی یەکەم و دووم نەهیڵێن بە پێنەدانی سێ نمرە بەو خوێندکارانەی بە خولی یەکەم تاقیکردنەوەکان ئەنجام دەدەن.

-پێویستە لیژنەیەکی پسۆڕ و شارەزا دابنریت بۆ پێداچونەوەی پرسیارەکان پێش ئەوەی بچێتە بەردەم خوێندکاران.

- خشتەی  تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم وەک خولی یەکەمی لی بکرێت و ببێتە سێ تاقیکردنەوە لە هەفتەیەکدا.

لای خۆشیەوە كازم فاروق، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ  لەبەردەم پەرلەمان پێشوازیی لە خوێندکاران کرد و وتی: ئێمە وەكو پەرلەمان داواكارییەكانی خوێندكارانمان وەرگرتووە و كاری لەسەر دەكەین  بۆئەوەی  مافی ئەو خوێندكارانە نەفەوتێت.

ش.ف