خوێندكاران گردبونەوە و ڕێگای كه‌لار ـ كفری-یان داخست

بەهۆی جێبەچینەکردنی داواکانیان بۆ دووەم ڕۆژ خوێندكارانی خوێندنگایەکی بنه‌ڕه‌تی لەسنوری شارۆچکەی کفری، بایكۆتی ده‌وامیان كرد و گردبونەوە و ڕێگای كه‌لارـ كفری ـ یان داخست.


ئه‌مڕۆ، خوێندكارانی خوێندنگای سه‌رقه‌ڵای بنه‌ڕه‌تی، له‌ شاره‌دێی سه‌رقه‌ڵای سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی كفریی ئیداره‌ی گه‌رمیان، له‌به‌ر نه‌بوون و كه‌می مامۆستا، بۆ دووه‌م ڕۆژ له‌سه‌ر یه‌ك بایكۆتی ده‌وامیان کرد و داوا ده‌كه‌ن داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێبكرێت.

داواكاری خوێندكاران، بریتیه‌ له‌ دابینكردنی مامۆستا بۆ وانه‌كانی كوردی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئینگلیزی، كه‌ له‌سه‌ره‌تایی ساڵه‌وه‌ بۆیان دابین نه‌كراوه‌ و وا خه‌ریكه‌ وه‌رزی یه‌كه‌می خوێندن ته‌واو ده‌بێت تا ئێستا یه‌ك وشه‌یان له‌و بابه‌تانه‌ نه‌خوێندووه‌ به‌تایبه‌ت خوێندكارانی پۆلی نۆیه‌می بنه‌ڕه‌تی.

كاروان عه‌لی، یه‌كێك له‌مامۆستایانی خوێندنگاكه‌، بۆ ڕۆژنیوز وتی: وه‌ك ئیداره‌ی خوێندنگا چه‌ند جارێك داواكاری خوێندكاران گه‌یه‌نراوه‌ته‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كفری و ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ بێده‌نگیان هه‌لبژاردوو، دواجار باوك و دایكی خوێندكاران ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی پێویسته‌ خه‌مێكی منداڵه‌كانیان بخۆین و سه‌ردانی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بكه‌ن، بۆیه‌ دوای بێهیواییان له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌یان، بڕیاری بایكۆتیاندا.

ئەمڕۆش وه‌ك وه‌رگرتنی هه‌ڵویستێك دژ به‌ چاره‌سه‌رنه‌كردنی كێشه‌كانیان، خوێندنكاران، بۆ ماوه‌ی نیو كاتژمێر ڕێگای سه‌ره‌كی كه‌لار ـ كفری ـ یان داخست و دواتر ڕێگاكه‌یان كرده‌وه‌.

خوێندنگای سه‌رقه‌ڵای بنه‌ڕه‌تی ٤٢٠ خوێندكاری هه‌یه‌ و دوو ده‌وامیه.

ک.س