خوێندکارانی زانکۆ: هێرشی داگیرکاری تورکیا هەڵوێستی کوردی یەکخست

خوێندکارانی زانکۆی ڕاپەڕین فاکەڵتی پەروەردەی قەڵادزێ دەڵێن، کورد لە ئێستادا لە هەمووکات زیاتر پێویستی بە یەک دەنگی هەیە و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک-یش هەڵوێستی کوردی یەکخستووە.


کاردانەوەکان دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان بەردەوامە، لەم بارەیەوە خوێندکارانی زانکۆ بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

سەیران ئەحمەد دەڵێت: ڕووداوێکی زۆر ناخۆشە، ئێمە لێرەوە پێیان دەڵێن ئێوە نابەزن، ئەردۆغانی فاشیست بیر لە منداڵ و کەسانی بێتاوان ناکاتەوە هەموو ئەو منداڵانە چاویان لە داهاتوو هیوایەکی گەشە، بێگومان بە پاڵپشتی گەلی کورد و گەنجان ڕۆژئاوا سەردەکەوێت.

سەیران باس لەوەش دەکات: یەکگرتوویی گەلی کورد چۆک بە دوژمنان دادەنێت و سەرکەوتن دواجار بۆ گەلی کوردە، بەداخەوە تا ئێستا لایەنی نێودەوڵەتی بە دەم ڕۆژئاوای کوردستانەوە نەچوون، بەڵام گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە هەڵوێستی وڵاتپارێزی خۆیان پێشان دا و ئەوەش وا دەکات دەوڵەتان بێنە خەت.

هەروەها ئاسۆ ناسر خوێندکارێکی دیکەیو وتی: هەر تاکێکی کورد پێویستە هەڵوێستی نەتەوایەتی خۆی پێشان بدات بۆ پشتگیری لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەگەر نەشتوانین لە بەرەکانی شەڕ ئامادە بین دەتوانین لێرەوە بە هەڵوێستی خۆمان و پشتگیری لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەین، ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە پاڵپشتی ڕۆژئاوا بکەن.

ئاسۆ وتیشی: کورد لە ئێستادا لە هەمووکات پێویستی بە یەکێتی و یەکڕیزی هەیە، هێرشی سەر ڕۆژئاوای کوردستان وایکرد هەمو گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە یەک دەنگ دژی داگیرکاری دروشم بڵێنەوە. ئەوەش مانای ئەوەیە کورد نزیک بووەتەوە لە یەکگرتوویی.

س.ح