خوێندکاران: بەهێزبوونی ڕۆژئاوا بەهێزبوونی باشوری کوردستانە

زانکۆی ڕاپەڕین لە شارۆچکەی ڕانیە گردبوونەوەیەکیان بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان و ئیدانەکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ئەنجامدا.


ئێوارەی ئەمرۆ کاتژمێر ٥ خوێندکارانی بەشی ئێواران لە زانکۆی ڕاپەڕین لە شارۆچکەی ڕانیە گردبوونەوەیەکیان بۆ پشتگیری ڕۆژئاوای کوردستان و ئیدانەکردنی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک ئەنجامدا.

وتاری کۆمیتەی ئامادەکاری گردبوونەوە لە لایەن ئامانج هەرتەلی خوێندرایەوە کە تێیدا هاتووە: دوای ئەوەی ئەردۆغان لە بابەتی ناوچەی ئارام شکستی هێنا دەستی کرد بە هەنگاونان بۆ پرۆسەی داگیرکاری کە هاوپەیمانان گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵکرد، ئەو کۆمەلکوژییەی ڕۆژئاوای کوردستان تەسلیم بوونی جیهانی زلهێزەکانە بە جیهانی تیرۆر، هەمومان دەزانین ئەمریکا لە ناوچەکەدا توشی دۆڕان بۆتەوە.

خوێندکاران و مامۆستایان ئاماژە بەوەشدەکەن، ئەو داگیرکارییەی تورکیا بە تەنیا لە سەر ڕۆژئاوای کوردستان نییە، بەڵکو مەترسییە بۆ سەر تەواوی کورد بە تایبەتی باشوری کوردستان، دەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ وەدەرنانی بنکە سەربازییەکانی تورکیا بکات و هەموو کاری بازرگانی ڕابگرێت و بایکۆتی کالای تورکی بکرێت .

لە کۆتایی گردبوونەوەکەدا، خوێندکاران و مامۆستایان جەختیان کردەوە، کە بەهێزبوونی ڕۆژئاوای کوردستان بەهێزبوونی باشوری کوردستانە، هاوکات پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دووپاتکردەوە.

ب.ش