خۆبەڕێوبەریی شەنگال: پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق هاوڵاتیانی مەخمور بپارێزن

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەری دیموکراتی شەنگال دەڵێت: پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی عێراق لەدژی هێرشەکانی سەر مەخمور بێنە دەنگ و هاوڵاتیانی کامپەکە بپارێزن.


غەزال ڕەشۆ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەری دیموکراتی شەنگال، لەسەر هێرشەکانی سەر مەخمور و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر شەنگال بۆ ڕۆژنیوز دوا.

لە دەستپیکی قسەکانیدا غەزال، بانگی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی عێراق کرد، کە دژی هێرشەکانی سەر پەنابەران بێنە دەنگ و وتی: هێرشی سەر مەخمور شەرمەزار دەکەین، خەڵکی مەخموریش وەک شەنگالییەکان لەسەر خاکی خۆیان کۆچبەر بوون، ئەمڕۆ مەخمور داگیر بکرێت، سبەی شەنگال داگیر دەکرێت، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی عێراق هاوڵاتیانی کامپەکە بپارێزن.

غەزال، سەرنجیڕاکێشایە سەر هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر شەنگال و وتی: دەوڵەتی تورک چەندین جار هەڕەشەی لە شەنگال کردووە، ئێمە دەڵێین شەنگال هەرگیز لە بەرامبەر دوژمن مل کەچ ناکات و بەرخۆدان دەکات.

لە کۆتایی قسەکانیدا غەزال ڕەشۆ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەری دیموکراتی شەنگال، بانگی لە حکومەتی عێراق کرد، کە سەروەریی عێراق بپارێزێت و ڕێگە لەو هەڕەشانە بگرێت.

د.ع