خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایدەگەیەنێت، دەوڵەتی تورک ڕاستەوخۆ بەشداربووە لە پیلانی هێرشکردنە سەر زیندانی غوێران لە حەسەکە، ئەوەشی دووپاتکردووەتەوە، کە چەتەکانی داعش هەتا ئێستاش مەترسیی جددیین لەسەر جیهان.
ئەمڕۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەیاننامەیەکی لەبارەی هێرشەکەی سەر زیندانی غوێران-ی حەسەکە بڵاوکردەوە، کە شەش ڕۆژە بەردەوامە و شانە نووستووەکانی داعش بەئامانجی دەرهێنانی پێنج هەزار چەتەی زیندانیکراوی داعش لە زیندانەکە ئەنجامیاندا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئێمە چەندین جار باسمان لە مەترسیی چەتەکانی داعش و شانە نووستووەکانیان و خێزانەکانیان کردووە، بەڵام هەتا ئێستاش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو دۆسیەیە پشتگوێ دەخات، زۆرێک لە دەوڵەتان دەیانەوێت ئەو دۆسیەیە لەچوارچێوەی ناوچەکانی ئێمەدا کورت بکەنەوە، بەڵام ئەوە تێڕوانینێکی هەڵەیە، چونکە داعش مەترسییە بۆ هەموو جیهان.
خۆبەڕێوەبەریی ئەوەشی ئاشکراکردووە، کە بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانیان و پشتبەست بەو بەڵگانەی دەستیان کەوتووە، دەوڵەتی تورک “ڕاستەوخۆ دەستی هەبووە لە پیلانی هێرشکردنە سەر زیندانی غوێران، ئامانجەکەشی ئەوەیە کە ئارامیی ناوچەکە تێکبدات و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لەناوببات”.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جەختیش دەکاتەوە، کە دەبێت هەماهەنگییەکی نێودەوڵەتیی هەبێت بۆ ئەوەی هاوکاریی پێویست بۆ لەناوبردنی داعش بەشێوەیەکی بەردەوام پێشکەش بکرێت، بەتایبەت بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات-قەسەدە.
دەشڵێت: ئەو پیلانەی لە گرتووخانەی غوێرانی حەسەکە داڕێژرا، لەلایەن هێزەکانی بەرخۆدانەوە پووچەڵکرایەوە، کە هەتا ئێستا داستانی قارەمانانەیان لە پاراستنی ناوچەکان و سووریا بەگشتیی و جیهانیش نووسیوەتەوە.
ب.ل