خۆبەڕێوەبەری سەفەربەریی ڕاگەیاند و داوادەکات خەڵک ڕوو لە سنوورەکان بکەن

خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هەموو ناوچەکان بۆ سێ ڕۆژ سەفەربەریی (ئامادەباشی) ڕاگەیاند و داوادەکات خەڵک ڕوو لە ناوچە سنوورییەکان بکەن و دژی هەڕەشەکان بوەستنەوە، هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕوسیا، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا لە ئەگەری هەر کارەساتێک بە بەرپرس دەزانێت.


کەمێک پێش ئێستا خۆبەڕیوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیەندراوێکی لەسەر هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ هێرشکردنەسەر ناوچەکەیان بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بە بەرزبوونەوەی ئاستی هەڕەشەکان و ئامادەکارییە سەربازییەکانی سوپای دەوڵەتی تورک و چەتە بەکرێگیراوەکانیان بە ناوی 'سوپای نیشتمانی سوریا' بۆ هێرشکردنەسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، وەک بەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ سێ ڕۆژ دۆخی سەفەربەری (ئامادەباشی) ڕادەگەینین، هەروەها داوا لە هەموو بەڕێوەبەری، ڕێکخراوەکان و گەلی هەموو پێکهاتەکان دەکەین کە، ڕوو لە ناوچە سنوورییەکان بکەن، تا ئەرکە ئەخلاقییەکانییان جێبەجێی بکەن و لەم ساتە هەستیار و مێژووییانەدا، بەرخۆدانی خۆیان پەیڕەو بکەن.

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکە هاتووە: بانگ لە هەموو گەنجانی کوردستان و جیهان دەکەین کە بە ئەرکی خۆیان بەرامبەر خاک و گەلی خۆیان لە ناوخۆ هەستن و لە دەرەوە و لەو وڵاتانەی کۆچبەریان بوون خۆپێشاندان و چالاکی ئەنجام بدەن.

لە کۆتایی ڕاگەیندراوەکەشدا هاتووە: بەرپرسیارێتی ئەو ڕووداوانە لە ئەستۆی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ڕێکخراوەکانی، دەوڵەتی ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، ڕوسیا، هەموو دەوڵەت و دامەزراوەکانی خاوەن بڕیار و کاریگەرن لە سوریا، پێویستە ئەو ڕێکخراو و دەوڵەتانە، ئەرکی ئەخلاقی و ویژدانی خۆیان جێبەجێ بکەن تا کارەساتێکی مرۆیی کە زیان دەگەینێت بە گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕوونەدات.

ک.س