خۆپیشاندانى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکانى شارۆچکەى کۆیە لە سنوورى پارێزگای هەولێر دەستیپێکردەوە و داوای خەرجکردنی دەرماڵەکانیان دەکەن.
لەپاش قسەکانى دوێنێى مەسرور بارزانى لەبارەى دەرماڵەوە، ئەمڕۆ دیسان خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکانى کۆیە لەبەردەم بینای زانکۆکەیان بە دروشمى ‘ئەى حکومەتى ٣٠ ساڵە، مافى خۆمانە دەرماڵە’، خۆپیشاندانیان دەستپێکردەوە.
لە هەفتەى ڕابردوودا خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکانى بەشێکى زۆر لە ناوچەکانى هەرێمى کوردستان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و تێیدا داوایانکرد، کە حکومەت مانگانە بڕیک پارەیان وەک دەرماڵە بۆ خەرج بکات.
دوێنێ مەسرور بارزانی لە وەڵامى داوای خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکانى هەرێمى کوردستان، کە هەفتەى ڕابردوو بۆ ماوەى پێنج خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوایانکرد دەرماڵەیان بۆ خەرج بکرێت، ڕایگەیاند:”لە دنیادا شتی وانەبووە خوێندن بەلاش بێت و داوای دەرماڵەش بکەیت”، بەو ڕستەیەش وەڵامی خۆپیشاندان و چالاکیی خوێندکارانی دایەوە.
ئ.م