یەكشەممە, 10 يون 2018 – 08:54 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
شەوی ڕابردوو لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا خۆپیشاندانێک ئەنجامدرا و تێیدا داوای لابردنی سزای سێدارەی ڕامین حسێن پەناهی کرا، هەر بەو مەبەستە هاوڵاتیانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵمەتێکی تویتەرییان بەڕێوەبرد.
لە خۆپیشاندانەکەدا جگە لە هاوڵاتیانی کورد و ئێرانی، هاوڵاتیانی ئەڵمانیش بەشدارییان کرد.
خۆپیشاندەران وێنەیەکی ڕامین حسێن پەناهییان لەسەر پانکاردێکی گەورە چاپکردبوو، هەروەها پانکاردی “ئازادیی زیندانیانی سیاسی”، “ئازادیی ڕادەربڕین” و “نا بۆ سێدارە” بەرزکرایەوە.
هەڵمەتە تویتەرییەکەش لە شەوی ڕابردووەوە بە دروشمی “نا بۆ لەسێدارەدانی ڕامین حسێن پەناهی” دەستیپێکردوە و بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە سەرتاسەری جیهانەوە ڕایانگەیاند، کە دەیانەوێت ببنە دەنگی ڕامین.
ڕامین حسێن پەناهیی، زیندانیی سیاسیی کوردی سزادراو بە سێدارەیە، کە هاوینی ساڵی پار لە شاری سنە بە برینداری دەستگیرکرا و پاش چەند مانگ ئەشکەنجەدران لە زیندانەکانی ئیتلاعات، ڕەوانەی دادگا کرا و سەرئەنجام سزای سدارەی بەسەردا سەپێندرا، ڕۆژی ١٩ی ئایار بەرپرسانی زیندانی ناوەندی سنە بە خانەوادەکەیان ڕاگەیاندووە، کە پاش جەژنی ڕەمەزان سزاکەی جێبەجێدەکرێت و دەنگۆی ئەوە هەیە کە لە بێدەنگی تەواودا و بەبێ ئەوەی خانەوادە و پارێزەرەکەی ئاگاداربکرێنەوە لە سێدارەدەدرێت.